پەرلەمانی عێراق یاسای زانکۆ ئەهلییەکان هەموار دەکاتەوە

لێژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق چەندین تێبینی و سەرنجی لەسەر زانکۆ ئەهلییەکان هەیە و رەشنووسی کۆتایی هەموارکردنی یاسای زانکۆ ئەهلییەکانیشی ئامادەکردووە.

نەزاکەت حوسێن، ئەندامی لێژنەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لێژنەکەیان سەرنج و تێبینی زۆری لەسەر زانکۆ ئەهلییەکانی عێراق هەبووە، بەتایبەت لە بەشە پزیشکییەکان و ئەو بەشانەی دیکە کە هەستیارن. 

نەزاکەت حوسێن روونیکردەوە، رەشنووسێکی هەموارکردنەوەی یاسای زانکۆ ئەهلییەکان ئامادەکراوە و رەوانەی لێژنەی راوێژکاری و یاسایی پەرلەمان کراوە، تا بخرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان.

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: پێشبینی ناکەین بۆ ئەمساڵ کار بە یاسا نوێیەکە بکرێت و دڵنیایین جێبەجێکردنی دەکەوێتە ساڵی داهاتوو. 

هەروەها روونیکردەوە، ئەو بڕیار و یاسا نوێیانە بەهیچ شێوەیەک زانکۆ ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان ناگرنەوە، چونکە ئەو زانکۆیانە پابەندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن.

لێژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق رەخنەی لە دامەزراندنی 16 زانکۆ و کۆلێژی ئەهلی هەیە و داوا دەکات میکانیزمێک بۆ دامەزراندنی زانکۆ بەگوێرەی پێویستی بازاڕ دابنرێت. 

بەگوێرەی ئامارەکان، ئێستا 120 زانکۆی ئەهلی لە عێراق هەن و ژمارەکەش دەکاتە دوو هێندەی ژمارەی زانکۆ حکوومییەکان.