لە سلێمانی نرخی گازی ماڵان لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کەمکرایەوە
سەرپەرشتیاری لیژنەی دابەشکردنی گاز لە سلێمانی بڕیاریدا نرخی مەترێک غازی ماڵان لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون هەزار دینار کەم بکرێتەوە.
سەبارەت بە وردەکاری بڕیارەکە و سزای پابەندنەبوونی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، قسەمان لەگەڵ عومەر عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری لیژنەی دابەشکردنی گاز لە سلێمانی کرد بە کوردستان24 ـی راگەیاند، نرخی گازی ماڵان بەشێوەیەکی گشتی دابەزیوە و تاڕادەیەک نرخەکان بۆ هاووڵاتییان ئاسایی و گونجاون، بۆیە بڕیاریانداوە نرخی غازی ماڵان لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە "شووقەکان و گوندەکان" بۆ هەر مەترێک هەزار دینار کەمبکەنەوە،
بەشێوەیەک لە 3500 دینارەوە دبێتە 2500 دینار. جەختیشکردەوە، هەر خاوەن پڕۆژەیەک پابەندی بڕیارەکە نەبێت و نرخی گاز کەم نەکاتەوە، رووبەڕووی توندترین سزای یاسایی و دارایی دەکرێتەوە.
گوتیشی، نرخی گازی ماڵان لە 675 دینارەوە بۆ 550 دینار کەمکراوەتەوە و هەموو هەوڵێک دەدەن نرخەکان لەگەڵ دۆخی دارایی هاووڵاتییان بگونجێن. سەرپەرشتیاری لیژنەی دابەشکردنی گاز لە سلێمانی دڵنیایشی دا، سەرەڕای ئەوەی کێڵگەی کۆرمۆر 20 رۆژە لە بەرهەمهێنانی گاز وەستاوە، بەڵام بڕێکی زۆرباش گازیان هەڵگرتووە و رێگە نادەین قەیرانی کەمیی غاز دروست ببێت.
بە گوێرەی بەدواداچوونی کوردستان24، تەنیا لە سنووری سلێمانی 22 کارگەی گاز هەن و رۆژانە حەوت هەزار بوتڵ دابەش دەکرێت، بەڵام لە وەرزی زستان و سەرما خواستی هاووڵاتییان بۆ پێداویستی گاز دەگاتە 20 هەزار بوتڵ غاز.