هاتوچۆی هەرێمی کوردستان پێدانی "کۆد و تابلۆی ئەمنی" بە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان رەت دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان بێبەریبوونی خۆی لە پێدانی کۆد و تابلۆی ئەمنی بە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان راگەیاند و هۆشداری دا کە هەر ئۆتۆمبێلێک تابلۆی فەرمیی پێوە نەبێت بە "بێ تابلۆ" هەژمار دەکرێت؛ ئەمەش لە کاتێکدایە ئاسایشی راپەڕین پڕۆسەی پێدانی کۆدی بۆ زیاتر لە 15 هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا دەستپێکردووە و هاتوچۆی سنوورەکەش دەڵێت هیچ ئاگادارییەکیان لە بابەتەکە نییە.
 ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دەنگۆیانەی باس لە پێدانی کۆد و تابلۆی ئەمنی بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و تۆمار نەکراو دەکرێت، هیچ پەیوەندییەکی بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆوە نیە کە تاکە لایەنی فەرمی تۆمارکردن و پێدانی تابلۆن بە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل لەبەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێنماییەکانی بواری هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، بەدەر لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و رێکارەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ، ئەرکی هیچ دامەزراوەیەکی دیکە نیە رێکار بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل دابنێت بە هیچ ناوێک و لەبەر هیچ هۆکارێک، هەر ئۆتۆمبێلێک بە فەرمی لە یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ تابلۆی یەکێک لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانی پێ نەدرابێت یان هەڵگری تابلۆی پارێزگاکانی عێراق یان تابلۆی بیانی فەرمی نەبێت، بە بێ تابلۆ هەژمار دەکرێت.

هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەو ئۆتۆمبێلە بکەوێتە بەرچاوی تیمەکانی پۆلیسی هاتوچۆ، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.

ئەم روونکردنەوەی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین پرۆسەی لێدانی "پلێت" و کۆدی بۆ 15 هەزار و 13 ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا دەستپێکرد. لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەکەش هۆشداریی توند بە شۆفێران دراوە کە هەر کەسێک کۆدی ئۆتۆمبێلەکەی لێبکاتەوە رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە. لە رێنماییەکاندا داوا لە خاوەنی سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانە کراوە بەتەواوی پابەندی بڕیارەکان بن و خۆیان لە هەر هەنگاوێک بپارێزن کە دەیانخاتە ژێر بەرپرسیارێتیی یاساییەوە.

محەمەد حەلاق، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی ئەمساڵ ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان کۆدی ئەمنییان پێدرا، بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە قۆناخی دووەم کە پێدانی تابلۆی ئەمنییە دەستپێبکات و خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان تابلۆیان پێ دەدرێت."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان زۆرن و پێدانی تابلۆ قۆناخ بە قۆناخ دەبێت؛ لە هەر قۆناخێکدا 300 تا 500 ئۆتۆمبێل تابلۆیان پێدەدرێت و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هەموو ئۆتۆمبێلە بێسەرەتا کۆدکراوەکان تابلۆ وەردەگرن.

لە لایەکی دیکەوە، رائید عەلی عەبدوڵڵا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی راپەڕین بە کوردستان24ی گوت: "بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەو پرۆسەیە نین و هیچ هەماهەنگییەک لەگەڵ پۆلیسی هاتوچۆ نەکراوە."