ئێران: تەنانەت یەک گەردیلەش لە ماددە ئەتۆمییەکان نابرێتە دەرەوە

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رەتیکردەوە هیچ بڕێک لە ماددە ئەتۆمییە پیتێنراوەکانی وڵاتەکەی ببرێتە دەرەوە، هاوکات دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانیشی لەگەڵ ئەمریکا بە گەڕاندنەوەی متمانە و جێبەجێکردنی مەرجەکانی تارانەوە بەستەوە.

موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان، رایگەیاند، تەنانەت یەک گەردیلە لە ماددە ئەتۆمییە پیتێنراوەکان لە ئێران نابرێتە دەرەوەی وڵات. 

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئەم ماددانە سەرمایەیەکی گەورە و سامانی نیشتمانیی ئێرانییەکانن بۆ بەکارهێنان لە ناوخۆی وڵاتدا.

لە درێژەی قسەکانیدا رەزایی باسی لەوە کرد، هەموو خەڵک و بەرپرسانی ئێران بە یەکهەڵوێستی گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی تاوەکو ئەمریکا هەوڵ نەدات متمانەی ئێران بەدەست بهێنێت هیچ دانوستانێک سەر ناگرێت، ئەمەش تەنیا بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی تاران دەکرێت.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، چارەنووسی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران و چۆنیەتیی سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لە چەند مانگی رابردوودا یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی و گرژیی نێوان تاران و واشنتن بووە.

بەپێی راپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران بڕێکی زۆر یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە رێژەی بەرز عەمبار کردووە و ئاستی پیتاندنەکەشی لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نزیک بووەتەوە. وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریکا، چەندین جار لە کاتی گفتوگۆکاندا داوایان کردووە تاران ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە بباتە دەرەوەی وڵات یان لە ناوی ببات، تاوەکو مەترسیی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نەمێنێت. 

لە بەرانبەردا، ئێران بەردەوام رەتیدەکاتەوە ئەو هەنگاوە بنێت و جەخت لەوە دەکاتەوە، بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانە و بەرهەمهێنانی وزەیە.

 لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ناوکی لە ساڵی 2018، چەندین گەڕی دانوستان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکە بەڕێوەچوون، بەڵام بەهۆی مەرجەکانی هەردوولا و نەبوونی متمانە، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی نەکراوە و پرسی ماددە پیتێنراوەکان وەک یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکان ماوەتەوە.