چاودێریی بازرگانیی دهۆک: رێگە بە قۆرخکاری و گرانکردنی خۆراک نادەین

بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی دهۆک رایدەگەیەنێت، نۆ لیژنەی مەیدانی بە بەردەوامی لە نێو بازاڕدان بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە قۆرخکاری و گرانکردنی خۆراک بە بیانووی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە زۆربەی ماددە خۆراکییەکان پێش گرانبوونی دۆلار هاوردە کراون و نابێت نرخەکانیان بەرز بکرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، شوکری شەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی دهۆک، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت، لیژنەکانی چاودێری بازار بەردەوام بەشێوەیەکی مەیدانی لە ئەرکدان بۆ ئەوەی رێگری لە بوونی هەر سەرپێچیەک یان قۆرخکاریەک بگرن، بەتایبەت لە دۆخێکی وەهادا کە بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بەرزبووەتەوە.

بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری بازرگانی ئاماژەی بەوە کرد، نۆ لیژنەیان لە بازاڕن و چاودێری سەرەکی وچڕیان لەسەر ئازووقە و ماددە خۆراکییەکانە.

دەربارەی گرانکردنی خۆراک یان هەبوونی هەر هەوڵێکی لەمشێوەیە، شوکری شەفیق باسی لەوە کرد، بەشی زۆری ئەو خۆراک و ئەرزاقەی لەلایەن بازرگانەکانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە پێش بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارە و رێگریان لە هەر جۆرە هەوڵێکی قۆرخکاری کردووە.

دەربارەی خۆراک ماددە بەسەرچوو، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری بازرگانی دهۆک دەڵێت، هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە لەوەی هەر فرۆشیارێک یان بازرگانێک خواردنی ماوە بەسەرچوو بفرۆشێت، هاوکات هاووڵاتییانیش خۆیان هاوکارن لە هەبوونی هەر حاڵەتێک.

هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو فرۆشتنی خۆراک ماوە بەسەرچوو زۆر کەمتربووە.