لە سنە گۆڕستانێکی مێژوویی دۆزرایەوە
لە گۆرستانی زاگرۆسی شاری سنە، چەندین گۆڕ و شوێنەواری مێژوویی دۆزراوەتەوە کە تەمەنیان دەگاتە نزیک 2800 ساڵ.
ئەم گۆرستانە کە لە باشووری ڕۆژئاوای سنە و لە داوێنی چیای ئاویەر هەڵکەوتووە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی ئاسن. شوێنەوارناسانی زانکۆی هەمەدان، لە دووهەمین قۆناغی هەڵکۆڵین و پشکنین لەم گۆڕستانە کە ماوەیەکە دەستی پێ کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، چەندین گۆڕ و ڕووفاتی چاخی ئاسن و ژمارەیەک کەلوپەل و پاشماوەی بیناسازیی مرۆڤەکانی سەردەمیی ئەشکانی و ساسانییەکانیان دۆزیوەتەوە.
کازم مەلازادە ئەندامی گرووپی شوێنەوارناسیی زانکۆی بووعەلی سینای هەمەدان بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ لەم بەشەی خوارەوە ئێمە پێنج شوێنمان هەڵکۆڵیوە. ژمارەیەک گۆڕمان دۆزیوەتەوە و لە هەڵکۆڵینەکان بەردەوامین. لە سەر گردەکەش پاشماوەی شوێنی ژیان دۆزراوەتەوە کە چاخەکەی جیاوازە. ئەم گۆڕستانە هی چاخی ئاسنی سێ یا هەزارەی یەکەمی پێش زایینە. بە دیاریکراوە 750 تا پێنجسەدی پێش زایین. بەڵام شوێنی ژیانەکەی سەر گردەکە هی سەردەمێکی نزیکترە و ڕەنگە هی سەردەمی ئەشکانی یا ساسانی بێت.
بە پێی پاشماوەکانی ئەو ڕووفاتانەی دۆزراونەتەوە و شێوازی ناشتنیان لە ناو گۆرەکاندا، دەرکەوتووە خەڵکی ئەو سەردەمە کەسەر ئایینی میترایی و خۆرپەرەستی بوون و مردووەکانیان بە گوێرەی تایبەتمەندییەکان بیر و باوەڕی خۆیان و ڕوو لە خۆر ناشتووە. هاووڵاتییانی سنە داوا لە بەرپرسانی شارەکە دەکەن لەم شوێنە مۆزەخانەیەکی تایبەت بەم گۆڕستانە دامەزرێنن.
پەرەستوو مورادی دانیشتووی سنە دەڵێت؛ داوا دەکەین لە بەرپرسان ئێرە بکەنە مۆزەخانەیەک بۆ ئەوەی هەم خەڵکی شاری سنە زیاتر لە مێژووی خۆیان ئاگادار بن و هەم ئەو خەڵکەی وەک گەشتیار لە جێی دیکەوە دێن زانیارییان لەسەر ئێرە هەبێت.
ئەم گۆڕستانە یەکەم جار ساڵی 2008 و لە کاتی هەڵکۆڵین بۆ دروستکردنی شەقامێک لە تەنیشت چیای ئاویەر، بە دەرکەوتنی شەش گۆڕ و ڕووفاتی شەش کەس دۆزرایەوە و چەند مانگێک دواتر یەکەم قۆناخی هەڵکۆڵینی دەستی پێ کرد. دووهەم قۆناخیش 18 ساڵ دوای قۆناخی یەکەم، ماوەی سێ حەفتەیە دەستی پێ کردووە و بڕیارە حەفتەیەکی دیکەش بەردەوام بێت.