بەهۆی ژیریی دەستکردەوە هەزاران ماڵپەڕ لە سەرانسەری جیهان داخران

بە مەبەستی خۆپاراستن لە هەڕەشەیەکی هاککردن لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە، هەزاران ماڵپەڕی حکوومی و فەرمی کۆمپانیاکان لە سەرانسەری جیهان داخران ئەمەش دوای ئەوەی ژیریی دەستکرد کەلێنێکی ئەمنی مەترسیداری لە زمانی پرۆگرامسازی بەناوبانگی "PHP" دۆزییەوە.

کۆمپانیای "Wiz" بۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی، کە یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی دوو کەلێنە ئەمنییەکەی دۆزیوەتەوە، مەزەندەی دەکات کە زمانی PHP رۆڵی هەیە لە کارپێکردنی نزیکەی 70%ی ماڵپەڕەکانی جیهان، لە فڕۆشگا ئۆنلاینەکان و ئاژانسەکانی هەواڵەوە تا دەگاتە خزمەتگوزارییە حکوومییەکان. کۆمپانیاکە ئەم کەلێنەی بە "یەکێک لە مەترسیدارترین کەلێنە ئەمنییەکان لە مێژوودا" وەسف کردووە.

پرۆگرامسازانی PHP رۆژی چوارشەممە چاکسازییان بۆ کێشەکە بڵاوکردەوە، هەروەها ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا (NSA) داوای لە رێکخراو و کۆمپانیاکان کرد دەستبەجێ ماڵپەڕەکانیان نوێ بکەنەوە یان سیستەمە زیانلێکەوتووەکانیان بە هێڵی ئینتەرنێتەوە نەبەستن.

دکتۆر راهات مەسعود، مامۆستای باڵای ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە زانکۆی نیو ساوس وێڵز لە سیدنی، ئەم دۆزینەوەیەی بە "وێرانکەر" ناوبرد و بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "ئەم کێشەیە رێگە بە هاکەران دەدات بەبێ هیچ مۆڵەتێک یان ناو و وشەی تێپەڕ بچنە ناو سێرڤەرەکانتانەوە، کاتێکیش چوونە ژوورەوە دەتوانن  هەموو شتێک بکەن."

مۆدێلە بەهێزەکانی ژیریی دەستکرد دەتوانن ئەو خاڵە لاوازانەی کۆدەکان بدۆزنەوە کە بە دەیان ساڵ لەلایەن مرۆڤەوە بەدی نەکراون. کۆمپانیای "Calif" لە مانگی ئابدا ئەم کەلێنانەی لە رێگەی مۆدێلی "GPT-5.6 Sol"ی کۆمپانیای OpenAI دۆزییەوە، هەروەها کۆمپانیای "Wiz" رایگەیاند کە پاش چەند هەفتەیەک بە سەربەخۆیی و بە هاوکاریی مۆدێلەکانی Gemini 4 Argon و GPT-5.6 Sol هەمان کێشەی دۆزیوەتەوە.

لە وڵاتانی وەک ئوسترالیا، هۆڵەندا، فەرەنسا، ژاپۆن و کۆریای باشوور، ماڵپەڕە حکوومییەکان و کۆمپانیاکانی دڵنیایی و دەزگاکانی راگەیاندن کەوتنە حاڵەتی چاکسازیی فریاگوزارییەوە، تەنانەت ماڵپەڕی بەناوبانگی ویکیپیدیا و چەندین ئەپڵیکەیشنی بەکارهێنەرانیش بۆ ماوەیەکی کاتی راگیران تاوەکو چاکسازییەکان جێبەجێ دەکرێن.