ساڵی رابردوو هاوردەی عێراق زیاتر لە 72 ملیار دۆلار بووە
ساڵی 2025، هاوردەکردنی کاڵا لە عێراق بەراورد بە ساڵی 2024 بەرزبووەتەوە،ئەمەش بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ زیادبوونی هاوردەی کاڵای نانەوتی دەگەڕێتەوە. لەم نێوانەشدا چین وەک هاوبەشی یەکەمی بازرگانیی عێراق ماوەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەی ئامار و سیستەمی زانیاری جوگرافییەوە، کۆی گشتیی هاوردەکردن لە ساڵی 2025 گەیشتووەتە نزیکەی 72.3 ملیار دۆلار، لەکاتێکدا ئەو بڕە لە ساڵی 2024 بریتی بووە لە 41.9 ملیار دۆلار، کە بە رێژەی 72.6%ـی بەرزبووەتەوە.
هاوردەی کاڵای نانەوتی گەیشتووەتە 70.8 ملیار دۆلار، کە لەساڵی 2024، 39.8 ملیار دۆلار بووە، هاوکات هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان گەیشتووەتە 1.5 ملیار دۆلار، لەکاتێکدا ساڵی 2024، 2.1 ملیار دۆلار بووە.
چین بە بەهای 30.9 ملیار دۆلار، کە 43.7%ـی کۆی گشتیی هەناردەی کاڵای نانەوتی بۆ عێراق پێکدەهێنێت، لە پلەی یەکەمی هاوبەشە بازرگانییەکانی عێراق دێت، دوای ئەویش ئێران بە 8.4% و ئیمارات بە 8.1% دێن.
لە ئاستی رێگاکانی گواستنەوەشدا، گواستنەوەی دەریایی بەرزترین گەشەی تۆمار کردووە و بە رێژەی 92.7% بەراورد بە ساڵی 2024 زیادی کردووە. بەهای هاوردەکردن لەو رێگەیەوە لە 25.6 ملیار دۆلارەوە بۆ 49.3 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە. هاوکات هاوردەکردن لە رێگەی وشکانی بە رێژەی 56.5% و لە رێگەی ئاسمانیش بە رێژەی 41.3% زیادیان کردووە.
تشرینی یەکەم بەرزترین رێژەی هاوردەکردنی گشتیی لە ساڵی 2025ـدا تۆمار کردووە، کە 12.2%ـی کۆی گشتیی بە بەهای 8.8 ملیار دۆلار بووە. هەمان مانگ بەرزترین رێژەی هاوردەی کاڵای نانەوتیشی تۆمار کردووە، کە 12.3% بە بەهای 8.7 ملیار دۆلار بووە.
لە بارەی بەرهەمە نەوتییەکانەوە، مانگی ئاب بەرزترین رێژەی هاوردەکردنی بەخۆوە بینیوە، کە 14.1% بە بەهای 0.2 ملیار دۆلار بووە.
دابەشبوونی هاوردەکردن بەپێی رێگاکانی گواستنەوە دەریدەخات عێراق پشت بە دەروازە دەریاییەکان دەبەستێت. لە ساڵی 2025ـدا نزیکەی 70%ـی هاوردەی کاڵای نانەوتی لەو رێگەیەوە هاوردەکراوە.
بەهای هاوردەکردن لە رێگەی دەروازە دەریاییەکانەوە 49.3 ملیار دۆلار بووە، لە بەرامبەر 14.6 ملیار دۆلار لە رێگەی دەروازە وشکانییەکان و 6.9 ملیار دۆلار لە رێگەی دەروازە ئاسمانییەکان. ئەم ئامارانە جیاوازییەکی بەرچاو لە قەبارەی جووڵەی کاڵاکان لە رێگەی جیاوازەکاندا نیشاندەدەن.