هەڵوێست میرانی کتێبی "ناکۆکییە دەستوورییەکانی نەوت و گاز لە عێراق" بڵاوکردەوە
کتێبێکی نوێ بە ناونیشانی "ناکۆکییە دەستوورییەکانی نەوت و گاز لە عێراق و ئاراستەی دادوەری لە یەکلاکردنەوەیاندا" بڵاوکرایەوە. ئەم بەرهەمە لە نووسینی هەڵوێست میرانی، پارێزەری راوێژکارە.
ئەم کتێبە بەرهەمی توێژینەوەی ماستەری نووسەرە و تیشک دەخاتە سەر بابەتێکی هەستیار و ئاڵۆزی پەیوەست بە سامانی سروشتی لە عێراق. لە سەرەتای کتێبەکەدا، پرۆسەی بەدەستوورکردنی سامانی نەوت و گاز تاوتوێ کراوە و بەراورد کراوە بە دەستوورەکانی پێشوو، بە جۆرێک چۆن ئەو سامانە لە چوارچێوەی ئەندازەسازیی دەستووری ساڵی 2005ـی کۆماری عێراقدا جێگەی کراوەتەوە.
لە بەشەکانی دیکەی کتێبەکەدا، بە پشتبەستن بە دەقە دەستوورییەکان، ناکۆکییەکانی پەیوەست بە خاوەندارییەتی و بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا خراونەتە روو. نووسەر تیشکی خستووەتە سەر ناڕوونیی ئەو دەقە دەستوورییانەی کە پرسی رێکخستنی سامانی نەوت و گازیان پێ سپێردراوە. ئەم ناڕوونییە بووەتە هۆی ئەوەی لایەنەکان راڤە و خوێندنەوەی جیاواز بۆ پرۆسەی بەڕێوەبردن و هەناردەکردنی نەوت و گاز بکەن، ئەمەش هۆکار بووە بۆ بەردەوامبوونی ناکۆکییە درێژخایەنەکانی نێوان هەردوو حکوومەت.
هەروەها، بەشێکی بەرچاوی ناوەڕۆکی کتێبەکە تەرخان کراوە بۆ خستنەڕووی ئەو مافە دەستوورییانەی کە دەستوور لە بواری بەڕێوەبردن و هەناردەکردنی نەوت و گازدا بە هەرێمی کوردستانی بەخشیوە. هاوکات نووسەر باسی لە جۆریەتیی گرێبەستەکانی نەوت لە عێراق کردووە و بابەتی یاساییبوونی گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانی روونیکردەوە، لەگەڵ تیشکخستنە سەر بڕیارە دادوەرییەکانی پەیوەست بەم پرسە.