ئارین مەسرور بارزانی بڕوانامەی ماستەری لە یاسا لە کۆلێژی یاسای سیتی سەینت جۆرجز لەلەندەن بەدەستهێنا

ماستەری یاسا (LL.M) لە چارەسەرکردنی ململانێکاندا، کە لە مانگی تەممووز لە لەندەن پێی بەخشرا، سێیەم بڕوانامەی ئارین مەسرور بارزانییە وە یەکەم بڕوانامەیەتی لە بواری یاسادا.

ئارین مەسرور بارزانی لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆی سیتی سەینت جۆرجز، سەر بە زانکۆی لەندەن، ١٣ی تەممووزی ٢٠٢٦.
ئارین مەسرور بارزانی لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆی سیتی سەینت جۆرجز، سەر بە زانکۆی لەندەن، ١٣ی تەممووزی ٢٠٢٦.

لەندەن (کوردستان٢٤) - ئارین مەسرور بارزانی بڕوانامەی ماستەری یاسا (LL.M)ی لە چارەسەرکردنی ململانێکاندا (Conflict & Dispute Resolution) لە زانکۆی (City St George's, University of London)ی شاری لەندەن وەرگرت لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆکە لە لەندەن و لە رێکەوتی ١٣ی تەممووزی ٢٠٢٦.

چارەسەرکردنی ململانێکان ئەو لقەی خوێندنی یاسایە کە تایبەتە بە چۆنێتی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان و دامەزراوەکان و تاکەکان، جا لە دادگا بێت یان لە بەرامبەر ناوبژیوانێکدا کە بڕیارەکەی بۆ هەردوولا یەکلاکەرەوە بێت یان لە ڕێگەی نێوەندگیری و دانوستاندنەوە. پرۆگرامی خوێندن لە کۆلێژی یاسای سیتی سەینت جۆرجز لەم بوارەدا چوارچێوەی ڕێکارو بەڵگە و ئاکار دەگرێتەوە و دوای هەڵسەنگاندنی تێزی ماستەرنامەکە لە بوارەکەدا کۆتایی دێت. 

ئەم پسپۆڕییە لە ئێستادا گەشەی کردووە چونکە کێشە بازرگانی و دامەزراوەییەکان زیاتر لە دەرەوەی دادگاکان چارەسەر دەکرێن و لەندەن یەکێکە لە مەڵبەندە سەرەکییەکانی ئەم بوارە. لە ڕاپرسییەکی نێودەوڵەتی بۆ ناوبژیوانی ساڵی ٢٠٢٥ کە لە لایەن زانکۆی کوین مێری (Queen Mary University of London) لە لەندەن بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای یاسایی وایت و کەیس (White & Case) ئەنجامدراوە تیایدا زیاتر لە ٨٧ لەسەدی بەشداربووانی راپرسییەکە ڕایانگەیاندووە کە ناوبژیوانی نێودەوڵەتیان لا پەسندترە بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان و زۆرترین شوێنی هەڵبژێردراو بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم ناکۆکیانە لەندەن بووە و سینگاپوور و هۆنگ کۆنگ دوای ئەو هاتوون.

ئەم بڕوانامەیە پسپۆڕییەکی یاسایی بۆ تۆمارە ئەکادیمییەکەی ئارین بارزانی زیاد دەکات دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٣ لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئاسایش و توێژینەوە ستراتیژییەکان بەدەستهێنا و وەک یەکەمی بەشەکەی (Valedictorian) بە بەرزترین کۆنمرە لە خولەکەیدا دەرچوو وە وتاری دەرچووانی خولەکەی لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆکە لە ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣ دا پێشکەش کرد، دوای ئەم بڕوانامەیە خولی ئەفسەری ژمارە ٢٣٣ی لە ئەکادیمیای شاهانەی سەربازی ساندهێرست (Royal Military Academy Sandhurst) تێپەڕاند کە ڕێوڕەسمی دەرچووانی خولەکە لە ٩ی ئابی ٢٠٢٤دا بەڕێوەچوو و بەم بۆنەیەوە کونسوڵخانەی گشتی بەریتانیا لە هەولێر لە رێگای راگەیەندراوێکەوە پیرۆزباییەکی تایبەتی لێکرد.

لەدوای ساندهێرستەوە، کارەکانی ئارین بارزانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر ڕێکخراوەیی بوون، دامەزراوەی کوردستان (Kurdistan Foundation) کە لە ڕێوڕەسمێکدا لە هەولێر لە رێکەوتی ٢ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ ڕاگەیەندرا، وەک دامەزراوەیەکی گشتگیر دامەزرا کە لە ڕێگەیەوە کۆمەڵێک پلاتفۆرم بۆ ئەرکی دیاریکراو کاردەکەن. پلاتفۆرمی JOBS.KRD کە پلاتفۆرمێکی دۆزینەوەی هەلی کارە کارخوازان بە خاوەن کارەکانەوە دەبەستێتەوە. Volunteer.KRD خۆبەخشان بە پڕۆژە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرانسەری هەرێمدا دەبەستێتەوە. Empower.KRD پرسی پەروەردە و ڕاهێنانی پیشەیی لەئەستۆ دەگرێت و Climate.KRD کار لەسەر هەوڵەکان بۆ پاراستنی ژینگە دەکات، هەروەها ناوەندی گەنجان (Youth Hub) وەک گەورەترین ناوەند لە هەرێمی کوردستان و عیراق و جیهاندا بەشێکە لە دامەزراوەکە.

ڕێوڕەسمەکەی ١٣ی تەممووزی ٢٠٢٦ کە تیایدا ماستەری لەیاسا بەدەستهێنا سێیەمین بڕوانامەی ئەکادیمی ئارین مەسرور بارزانی بوو لە ماوەی سێ ساڵدا، دوای زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە ئایاری ٢٠٢٣ و ئەکادیمیای شاهانەی سەربازیی ساندهێرست لە ئابی ٢٠٢٤.