سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی ئامانجێکی سەرەکیمان بووە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت، پێشخستنی کەرتی پیشەسازیی لە هەرێمی کوردستان ئامانجێکی سەرەکیی حکوومەتە و داوا لە وەبەرهێنەران دەکات، تەکنەلۆژیا و زانستی سەردەم بهێننە ناوخۆی کوردستانەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمێکی گەورە و تایبەتدا، پڕۆژەی (گۆڵدن گلۆباڵ دیڤێلۆپمێنت) لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کردەوە، هاوکات بەردی بناخەی پڕۆژەی (مۆتۆر پلێکس عێراق)ـی دانا.

 هەر لە چوارچێوەی رێوڕەسمەکەدا، گرێبەستێک لە بواری پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا لەگەڵ کۆمپانیای "جێتۆر"ـی چینی واژۆ کرا کە کارگەیەکی بەستنی ئۆتۆمبێل دروست دەکات. 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، لقی کۆمپانیای نیسان لە زاخۆ کە ئەمڕۆ کرایەوە، دەبێتە دابەشکەری سەرەکیی ئۆتۆمبێل بۆ سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.

مەسرور بارزانی جەختیشی کردەوە، پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی بەشێکی سەرەکیی بەرنامەی حکوومەتە بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان.

سەرۆکوەزیران هەروەها خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەوەی، باتێل تاکە شارەدێیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان رێژەی بێکاری تێیدا بووەتە سفر و خەڵک لە ناوچەکانی دیکەوە بۆ کارکردن رووی تێدەکەن.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا مەسرور بارزانی ئەوەی خستەڕوو، کۆمپانیای جێتۆری چینی کارگەیەکی بەستنی ئۆتۆمبێل دروست دەکات، هەروەها پڕۆژەی مۆتۆر پلێکس دەبێتە ناوەندێک بۆ پێشخستنی توانای گەنجان لە بواری پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا. 

لە کۆتاییدا داوای لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆ کرد، کاری هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بکەن بۆ ئەوەی تەکنەلۆژیا و زانستی سەردەم بهێننە ناوخۆی کوردستانەوە.

 

دەقی گوتاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان 

ئامادەبووانی بەڕێز، میوانە قەدرگرانەکان، هەمووتان بەخێربێن سەرچاو.

بەخێرهاتنێکی تایبەتی کونسوڵی ژاپۆن و بەڕێوەبەری کونسوڵگەری چین و نوێنەری کۆمپانیای جێتۆر دەکەم کە لێرەن، زۆر بەخێربێن سەرچاو.

زۆر خۆشحاڵم بە سەردانیکردنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بەتایبەتی ناحیەی باتێل لەمڕۆدا. کە لێرەین و بەشدارین؛ زۆر دڵخۆشم بۆ کردنەوە و دەستپێکردنی سێ پڕۆژەی گرنگی کەرتی پیشەسازی، بەتایبەت لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا.

دەستخۆشی و سوپاس بۆ "گرووپی موهەننەد" و بەتایبەت کاک ئەحمەد موشیر و هەروەها کاک ئەحمەد رێکانی دەکەم بۆ بەشداریکردنیان و هێنانی ئەم پڕۆژانە لەگەڵ کۆمپانیاکانی چین و ژاپۆن. کە بێگومان دەبێتە هاوکارییەکی زۆر گەورە بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان. جگە لەوەی ئەم کەرتە زۆر بەرەو پێش دەچێت، دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی کاری زۆر بۆ خەڵکی ئەم دەڤەرە و کوردستان بە شێوەیەکی گشتی.

پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی، بەرنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لەگەڵ فرەچەشنکردنی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان و فرەچەشنکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، کە ویستوومانە  گرنگییەکی زیاتر بە کەرتی پیشەسازی بدەین. دەستخۆشی لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش دەکەم بۆ ئاسانکارییەکانی لەم بوارەدا بۆ ئەوەی کەرتی پیشەسازی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەرەوپێش بچێت. دەستخۆشیتان لێ دەکەم.

وەک بینیمان، زۆر شتی باش ئامادە کراون. بەتایبەت لێرە کۆمپانیای نیسان دەبێتە دابەشکەری سەرەکیی هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە هاوردەی عێراق دەکرێن و لێرەوە بۆ هەموو بەشەکانی تری عێراق دەنێردرێن. ئەمە دەبێتە هۆی رەخساندنی کاری زیاتر بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی بۆ ئەم دەڤەرە. هەروەها خەڵکی ئێمە فێری پیشەی زیاتر دەبن لە کەرتی تایبەتدا.

وەک بینیمان، زۆر شتی باش ئامادە کراون. بەتایبەت لێرە کۆمپانیای نیسان دەبێتە دابەشکەری سەرەکیی هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە هاوردەی عێراق دەکرێن و لێرەوە بۆ هەموو بەشەکانی تری عێراق دەنێردرێن. ئەمە دەبێتە هۆی ڕەخساندنی کاری زیاتر بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی بۆ ئەم دەڤەرە. هەروەها خەڵکی ئێمە فێری پیشەی زیاتر دەبن لە کەرتی تایبەتدا.

بەر لە چەند رۆژێک پڕۆژەیەکی هاوشێوە لێرە لە دهۆک هی تۆیۆتا و پاش چەند رۆژێک پڕۆژەیەکی هاوشێوە لە هەولێر کرایەوە. ئینشائەڵڵا ئەمە دەستپێکێکی زۆر باش دەبێت بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و لە هەموو پارێزگا و ئیدارە و دەڤەرەکانی هەرێمی کوردستان.

کوردستان خۆی لە پێگەیەکی زۆر ستراتیژیدایە، کە چەندین مارکێت و بازاڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەمە دەبێتە رێخۆشکەر بۆ ئەوەی ئێمە زیاتر پێشبکەوین و رۆڵێکی کاریگەر لە پێشخستنی ئابووریی ناوچەکەدا ببینین و کوردستان ببێتە سەنتەرێک کە چەندین کۆمپانیای تریش روو لە هەرێمی کوردستان بکەن بۆ پێشخستنی ئابووری لە ناوچەکە و بۆ زیاتر سوودوەرگرتن لەو کۆمپانیایانەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

داوا لە وەبەرهێنەرانی کوردستانی خۆشمان دەکەم، کە ئەوانیش زیاتر بیر لەوە بکەنەوە چۆن وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا بکەن و لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان، ئەگەر پێویست بکات کاری هاوبەش (Joint Venture) بکەن. ئەمە هەم بۆ ئەوەیە ئابووریی هەرێم بەرەوپێش بچێت، هەم بۆ ئەوەی شێوازی زانستی لە کەرتی پیشەسازیدا بەرەوپێش ببەن.

ئێمە توانا و لێهاتوویی گەنجەکانی خۆمان زۆر باش دەزانین و هێزێکی زۆرن بۆ پێشخستنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارێکدا و هێنانی ئەو زانست و شارەزاییانە لە دەرەوە دەبێتە یارمەتیدەر بۆ باشترکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتن و کارکردن لە هەرێمی کوردستان.

وەک دەزانین، لە ماوەی رابردوودا بە هەزاران هەلی کار بۆ خەڵکی ئێمە رەخسێنراون. ئەمە ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە چەندین هەلی کاری تایبەت لە رێگەی فرەچەشنکردنی ئابوورییەوە دروست بکەین. پێش ئێستا گرنگییەکی زۆرمان بە کەرتی کشتوکاڵی داوە، ئێستاش بۆ کەرتی پیشەسازی هەمان بەرنامەمان هەیە. هەروەها کەرتی گەشتوگوزاریش یەکێک لەو کەرتانەیە کە ئێمە گرنگییەکی زۆری پێ دەدەین. ئەمانە هەمووی دەبنە هۆی رێکخستن و زیادکردنی هەلی کار بۆ خەڵکی ئێمە و پێشخستنی ئابووریی هەرێمی کوردستان.

بە خۆشحاڵییەوە من بیستم کە ناحیەی باتێل، تاکە ناحیەیە لەسەر ئاستی هەموو عێراق و کوردستان کە رێژەی بێکاری تێیدا بووەتە سفر. ئەمە جێگەی دەستخۆشییە، پیرۆزبایی لە ناحیەی باتێل و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و هەموو کوردستان دەکەم. مەگەر یەکێک خۆی نەیەوێت کار بکات، دەنا وەک من بیستوومە ئەوەندە هەلی کار هەیە کە خەڵکی تر لە ناوچەکانی ترەوە دێنە ئەم ناحیەیە و ئەم دەڤەرە و بەدوای کاردا دەگەڕێن.

ئەمە جێی دەستخۆشییە، هیوای ئێمە ئەوەیە هەموو شارەکانی کوردستان، هەموو دەڤەرەکانی کوردستان دیسان هەنگاوی باش بنێن بۆ پێشخستنی ئابووری و کەرتی تایبەت لە سنووری خۆیاندا، کە ئەمە دەبێتە یارمەتیدەر بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. و حکومەتیش پێویستە هەموو توانایەکی بخاتە گەڕ بۆ پشتیوانیکردن و ئاسانکاری بۆ کەرتی تایبەت، بۆ ئەوەی ئێمە زیاتر پێشبکەوین و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش ببەین.

من زۆر خۆشحاڵم بەم پڕۆژانەی کە بینیم. هەندێک لەوانە ئێستا بەردی بناخەیان بۆ دادەنرێت و بێگومان ئەوەش هەلی کاری زیاتر دروست دەکات. 

کۆمپانیای "جێتۆر" کە ئەویش کۆمپانیایەکی چینییە، بۆ بەیەکە بەستنەوە و دروستکردنی ئۆتۆمبێل لێرە لە هەرێمی کوردستان دەبێتە یەکەم نموونە لەسەر ئاستی کوردستان. ئەمەش کەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە کوردستاندا پێش دەخات و هەلی کاری زیاتریش لەم ناوچەیەدا دەڕەخسێنێت. هەروەها زانست و شارەزایی لەو بوارەدا پێشکەشی خەڵکی ئێمە و بەتایبەت گەنجانی ئێمە دەکات. لە رووی تەکنەلۆجیا و کەرتی پیشەسازییەوە بێگومان رۆڵی زۆر کاریگەریان دەبێت.

هەروەها "مۆتۆر پلێکس" کە ئەویش کۆمەڵگەیەکە بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل. ئەمەش دەبێتە هۆی فێرکردن و هاوکاریکردنی گەنجەکانی ئێمە کە چۆن فێری شێوازی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل ببن، یان فێری بنەما و رێنمایی و تایبەتمەندییەکانی کەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل ببن. ئەمانە هەمووی هەنگاوی داهاتوون کە دەکەونە خزمەتی خەڵکی کوردستان.

من دەستخۆشی لە هەموو کۆمپانیاکان دەکەم، موهەننەد گرووپ و کۆمپانیای چینی، دیسان زۆر سوپاسیان دەکەم و دەستخۆشییان لێ دەکەم بۆ ئەم بەرنامەیەی کە ئەمڕۆ پێشکەشیان کرد. هیوادارم سەرکەوتوو بن. ئینشائەڵڵا هەر لە سەرکەوتندابن و لە بەرەوپێشچوونی رۆژانەدا بن. کوردستانی ئێمەش هەر ئاوەدان بێت.