کارەبای 24 کاتژمێری دەگاتە ئیدارەی گەرمیان

لە ئایندەیەکی زۆر نزیک ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری و زیاتر لە 220 مۆلیدەی ئەو سنوورە دەکوژێندرێنەوە و ئیتر دووکەڵی پیسی مۆلیدەکان ناچنە ناو ژینگەی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمان. 

ئالان ئەرکان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کارە تەکنیکییەکانی پڕۆژەی رووناکی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کۆتاییان پێهاتووە و ئێستا گەرمیان ئامادەیە بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری، گووتیشی بڕیاربوو لە مانگی حوزەیران گەرمیان ببیتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری بەڵام بەهۆی هەندێک کێشەی تەنکیکی و ئاڵۆزبوونی دۆخی ئەمنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە گەرمیان دواکەوت، ئاشکراشی دەکات ئێستا هەموو کارە تەکنیکییەکانی پڕۆژەی روناکی لە گەرمیان تەواوبوونە و تەنیا ماوە وەزارەت بڕیار بدات بۆ ئەوەی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ گەرمیانییەکان دابین بکرێت. 

گوتەبیژی کارەبای گەرمیان، ئاشکراشی دەکات ئێستا لە گەرمیان زیاتر لە 220 مۆلیدەی تایبەت کار دەکەن و بە جیبەجیکردنی پڕۆژەی رووناکی و دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ گەرمیان ئیتر ئەو مۆلیدانە دەکوژێندرێنەوە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکانیش کوژانەوەی 220 مۆلیدە واتە کەمبوونەوەی جوڵەی 40 هەزار ئۆتۆمبێڵ لە گەرمیان، واتە کەمبوونەوەی 45 هەزار تۆن گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لە کاتژمێرێکدا. 

لە گەرمیان نزیکەی 89 هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەر سی قەزای کەلار، کفری و رزگاری و ناحییەکانی ئەو قەزایانە و گوندەکانی ئەو سنوورە هەن، چاوەڕوانیش دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بڕیار لەبارەی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لەلایەن وەزارەتی کارەباوە بدرێت و کارەبای 24 کاتژمێری بۆ ئیدارەکە دابین بکرێت، لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆژەی رووناکی لە سی مانگی یەکەم کارەبا بە داشکاندنی 50٪ بۆ مانگی یەکەم، 25٪ بۆ مانگی دووەم و 15٪ بۆ مانگی سێیەم بۆ هاوبەشانی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەکرێت. 

هەروەها لە شارۆچکەی شەقڵاوەش کارە تەکنیکییەکانی پڕۆژەی رووناکی کۆتاییانهاتووە و ئێستا شەقڵاوە تەنیا یەک واژۆی پێویستە بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.