دۆناڵد ترەمپ: هەرکەسێک زانیاریم لەبارەی ساختەکاری لە هەڵبژاردن پێبدات ملیۆنێک دۆلاری پێدەدەم

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پاداشتێکی دارایی بە بڕی یەک ملیۆن دۆلار بۆ هەر کەسێک دیاری دەکات کە زانیاری لەبارەی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو یان هەڵبژاردنی داهاتووی نیوەی خولدا ئاشکرا بکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ"رایگەیاند "هەر کەسێک زانیاری لەبارەی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو یان هەڵبژاردنی نیوەی خولی ساڵی 2026 بخاتەڕوو، بڕی یەک ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت پێ دەدرێت، بە مەرجێک ئەو پاداشتە لە کاتێکدا خەرج دەکرێت کە بەرپرسانی ئەو ساختەکارییە دەستگیر بکرێن و لە دادگادا تاوانەکەیان بەسەردا ساخ ببێتەوە."

ئەم هەنگاوەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە تەنها چەند ڕۆژێکی کەم ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس، کە بڕیارە لە سێی تشرینی دووەم (نۆڤێمبەر) ئەنجام بدرێت.

ئەم هەڵوێستەی ترەمپ درێژکراوەی ئەو گومان و لێدوانانەیە کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020ـەوە بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە، کاتێک ئامادە نەبوو دان بە ئەنجامەکاندا بنێت و بانگەشەی ئەوەی دەکرد ساختەکارییەکی بەرفراوان ئەنجام دراوە بەبێ ئەوەی بەڵگەی یەکلاکەرەوە پێشکەش بە دادگا بکات؛ لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتی دادوەری و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا چەندین جار ئەو دەنگۆ و تۆمەتانەیان بە تەواوی رەتکردووەتەوە.