سعوودیە بە یەک ملیار دۆلار داوای ئاگربەست لە حووسییەکان دەکات
رۆژنامەی ئیسرائیل هایۆم بڵاویکردەوە، سعوودیە ئامادەیە یەک ملیار دۆلار بداتە حووسییەکان بۆ ئەوەی هێرشەکانیان راگرن.
رۆژنامەی ئیسرائیل هایۆم بڵاویکردەوە، خالید بن سەلمان وەزیری بەرگری سعوودیە لە سەردانەکەی بۆ تاران پێشنیازی بۆ حووسییەکانی یەمەن کردووە وڵاتەکەی ئامادەیە یەک ملیار دۆلاریان پێبدات بۆ ئەوەی هێرشەکانیان راگرن و ئاگربەست رابگەینن.
ئاشکراشی دەکات بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی، وەزیری بەرگری سعوودیە تەنانەت پارەکەشی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ تاران و ئامادەبوونە لەڕێگەی ئێرانەوە پارەکە بۆ حووسییەکان بگوازنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، یەکێک لە خاڵەکانی ناکۆکی نێوان سعوودیە و حووسییەکانی یەمەن لەبارەی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەیە کە سێ ساڵ لەمەوبەر پێی گەیشتن، ئەویش بەگوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت ریاز راستەوخۆ هاوکاری دارایی بۆ حووسییەکان دابین بکات تا ئاشتی مسۆگەر بکەن.
دەشڵێت، لە بەشێکی رێککەوتنەکەی سێ ساڵ لەمەوبەر باس لەوەش دەکرێت ریاز مووچەی کەرتی گشتی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان بدات و ژێرخانی سڤیلی وڵاتەکە بنیات بنێتەوە، لە بەرامبەردا حووسییەکان پابەندی ئاگربەست دەبوون و هێرشەکانیان بۆ سەر سعوودیە رادەگرت.
ئەمەش لە کاتێکدایە هەریەکە لە شاندی سعوودیە، تورکیا و پاکستان کە ئەندام و دامەزرێنەری رێککەوتنی مەککەن، سەردانی تارانیان کرد و لەوێ لەگەڵ سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبوونەوە و تاوتوێی هێورکردنەوەی دۆخەکەیان کرد.