رەزایی: دەستوەردانی دەرەکی لە ناوچەکە رەتدەکاتەوە
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، دۆخێکی نوێ لە ناوچەکە هاتووەتە ئاراوە و ئەمەش دەسکەوتی بەرگریی گەلی ئێران و هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیە.
سێشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەمەد رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە لێدوانێکدا گوتی: "هەست دەکەم دۆخێکی نوێ لە ناوچەکە هاتووەتە ئاراوە، ئەمەش لە بەرەکەتی بەرگریی گەلی ئێران و هێزە چەکدارەکانمانە. من کەشێکی ئەرێنیم لە وتەکانی ئەواندا بینی."
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئاشکرایکرد،، بەرپرسانی باڵای تورکیا و پاکستان و سعوودیە پێیان وایە چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە لە هەماهەنگیی ئەو چوار وڵاتەدا دەبێت. رەزایی لەو بارەیەوە گوتی: "هەرسێکیان پێیان وابوو ئەگەر ئێمە، هەر چوار وڵات پێکەوە بین، زۆربەی کێشەکانی ناوچەکە چارەسەر دەکرێن."
رەزایی جەختیکردەوە، سەرجەم لایەنەکان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە ئاسایشی رۆژئاوای ئاسیا دەبێت ناوخۆیی بێت و لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە دابین بکرێت و رێگە بە هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی نەدرێت.
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتان بەرامبەر داگیرکارییەکانی ئیسرائیل، رەزایی روونیکردەوە،: "بە تایبەتی لەسەر داگیرکاریی زۆر ناوچە لەلایەن ئیسرائیلەوە قسە کرا و جەختکرایەوە ئیسرائیل دەبێت لە باشووری لوبنان و باشووری سووریا و غەزە و کەناری رۆژئاوای ئوردن بکشێتەوە و دەست لە داگیرکاری هەڵبگرێت."
رەزایی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا گوتی: "تێگەیشتنی من ئەوەیە کە بەرگریی گەلی ئێران خەریکە رۆژ بە رۆژ دەسکەوتەکانی زیاتر دەردەکەوێت."