لە جوانڕۆ هەڵمەتی ژینگەپارێزی بۆ پاککردنەوەی کانییەکان دەستیپێکرد
لە گوندەکانی سنووری شاری جوانڕۆی پارێزگای کرماشان، هەڵمەتێکی ژینگەپارێزی بۆ خاوێنکردنەوەی کانییەکان دەستیپێکردووە، دانیشتوانی گوندەکان بە هاوکاریی ژینگەپارێزان و فەرمانگەی پاراستنی ژینگە، شوێنی تایبەت بە ئاوخواردنەوەی رێبواران، شاخەوانان و ئاژەڵە کێوەییەکان دروست دەکەن.
ژمارەیەک لە دانیشتوانی گوندی بێوڵەی جوانڕۆ بۆ چالاکییەکی ژینگەپارێزی روویان لە بناری چیاکانی دەوروبەری گوندەکەیان کردووە. بەر لە دەسپێکردنی وەرزی سەرما و باران بە تەواوی، لە سەر کانییەکی کوێر بووەوە کۆبوونەتەوە و بە نیازن زیندووی بکەنەوە و جێگایەک بۆ ئاوخواردنەوەی رێبواران و کۆلێکیش بۆ ئاودانی ئاژەڵە و باڵند کێوییەکانی چیاکە دروست بکەن.
فەرمانگەی ژینگەپارێزیی جوانڕۆش بە هاوکاریی خەڵکی خێرخواز و خۆبەخش، بلۆک و چیمەنتۆ و پێداویستییەکانی دیکەی دابین کردووە. لە داوێنی چیای سۆڵە کانی کەمەرە رێکوپێک دەکەن بە بۆرییەک ئاوی خاوێن و سازگاریی کانییەک بۆ ئەو خەوزێک را دەکێشن، کە بە بلۆک بە تۆکمەیی هەڵیانچنیوە، بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی ئاوی بناری چیاکە هەم بۆ مرۆڤ و هەم بۆ باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکانی دەڤەرەکە.
حەمەڕەشید یوسف نەژاد، خۆبەخش و دانیشتووی گوندی بێوڵە دەڵێت: ئەمەی کردوومانە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی رێبوار، شوانەکان، ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانە.
رێژگە و رێڕەوی کانییەکە بەهۆی داخران و پەنگخوارنەوەی ئاو و پیسبوونییەوە، ئاوی کانیاوەکەی بۆگەن و پیسکردووە و بووەتە هۆی ئەوەی شیاوی خواردنەوە نەبێت. خەڵکی گوندەکە بە هەوڵێکی زۆر ئەم بەشەشیان خاوێن کردووەتەوە و پیسیەکەیان راماڵیوە رێڕەوێکی پاکیان بۆ رایی بوونی ئاوی سازگاری کانییەکە کردووەتەوە.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاراستنی ژینگەی جوانڕۆ ئاماژەیدا، هەرچی کانی دەڤەرەکە هەیە پاک دەکەنەوە و رێکیان دەخەنەوە. عەتا قادری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاراستنی ژینگەی جوانڕۆ گوتیشی: دانیشتوانی گوندی بێوڵە کاری دروستکردنی دیوار و حەوز و پاککردنەوەی کانیاوەکانیان کردووە و ئەم کۆلەشمان داناوە بۆ ئاوخواردنەوەی ئاژەڵی ماڵی و ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان، هەروا شوان و رێبوارانیش کە رێگەیان بەم شوێنە بکەوێت، دەتوانن لە ئاوی کانیاوەکە بخۆنەوە.
راشیگەیاند، پلانەکەیان بۆ خاوێنکردنەوەی سەرجەم کانیاوەکانی دەڤەری جوانڕۆیە و بەنیازن سەرجەم کانیاوەکان بەجۆرێک رێک بخەنەوە، کە هەم مرۆڤ، هەم ئاژەڵ، باڵندە کێوی و ماڵییەکان توێنێتیان لە کانیاوەکاندا بشکێنن.
شاری جوانڕۆ دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هاوسنوورە لەگەڵ هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی ئامار و راپۆرتەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی شارەکە، دەڤەرەکە خاوەنی رووبەرێکی فراوانی دارستانی سروشتی و خۆڕسکە، بە تایبەت لە داری بەڕوو کە رووبەرەکەی بە 56,773 هێکتار مەزندە دەکرێت، کە 25%ـی دارستانەکانی کرماشا پێکدەهێنێت، ئەمەش بە گوێرەی کۆتا توێژینەوەیەکی زانستی کە ساڵی رابردوو لە بارەی سروشتی جوانڕۆ کراوە.
هەروەها دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری جوانڕۆ، زیاتر بە کشتوکاڵ، باخەوانی و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن، زۆرترن ئاژەڵی لە گوندەکان بەخێو دەکرێن بزنە، لەگەڵ بەشێکی کەم لە مانگا و مەڕە، لەنێویاندا مەڕی سنجابی بە یەکێک لە باشترین جۆرەکانی مەڕی رەسەن ئاژەڵداریی جوانڕۆ و کرماشان هەژمار دەکرێت.