ئوردن: لە سووریا زیاتر لە 20 چەکداری داعشمان کوشت
وەزیری پەیوەندییەکانی ئوردن رایگەیاند، ئەو هێرشە ئاسمانییانەی هێزی ئاسمانیی شاهانەی وڵاتەکەی رۆژی دووشەممە کردیە سەر باشووری سووریا، بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 20 چەکداری داعش.
ئەمرۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەمەد مومنی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "بەگوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنانە تا ئەم ساتە، زیانێکی گەورەی بە ریزەکانی داعش گەیاندووە، کە زیاتر لە 20 چەکداری داعش کوژراون، هەروەها کۆگایەکی گەورەی چەکی ئەو رێکخراوەش وێرانکراوە."
پێشتریش ئوردن رایگەیاندبوو، ئەو هێرشە ئاسمانییانە لە وەڵامی ئەو پەلامارەدا بووە کە کرایە سەر کەنیسەیەک لە شاری کەرەک لە باشووری ئوردن. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردبوو هەر سێ هێرشبەرە ئوردنییەکە پەیوەندییان بەو گرووپانەوە هەبووە کە لە سووریا کراونەتە ئامانج.
رۆژی دووشەممە، مازن فەرایە، وەزیری ناوخۆی ئوردن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان هیچ بەڵگە و ئاماژەیەکیان نەخستووەتەڕوو کە ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر کەنیسەی "کەرەک" پەیوەندییان بە هیچ شانەیەکی دیکەوە هەبێت، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە هێرشبەرەکان سەر بە یەک خێزانن و دوانیان بران.
فەرایە گوتیشی: کە هێزە ئەمنییەکان توانیویانە ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستگیر بکەن. لە لایەکی دیکەشەوە، عوبەیدوڵڵا مەعایتە، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیی ئوردن، پشتڕاستی کردەوە کە دوای رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری، سێ کەس دەستگیرکراون و دەستیش بەسەر بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنیدا گیراوە.
مەعایتە روونی کردەوە، ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە دوای سێ رۆژ لە پرۆسەی کێوماڵکردن و بەدواداچوون دێت، کە دواجار بە هەڵکوتانە سەر باڵەخانەیەکی گوماناوی و دەستگیرکردنی گومانلێکراوەکان کۆتایی هات.
هەینی، 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی ئوردن لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: هێرشێکی چەکداریی تاوانکاری، مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمێکی لە کڵێسایەکی پارێزگای کەرەکی ئەو وڵاتە کردووەتە ئامانج، کە لە ئاکامدا دەیان قوربانی لێکەوتەوە.