تۆمەتی بەرتیل و رکابەریی توند لە هەڵبژاردنی ئیسرائیل؛ پارتی یاشار لە پێش لێکودەوەیە
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دەدات لەوەی 'دەیانەوێت هەڵبژاردنەکە بدزن' و ئاماژە بە دەستگیرکردنی چەند کەسێک دەکات کە فەردەی پارەی کاشیان پێبووە، بەمەش هێرشەکانی بۆ سەر پارتییە عەرەبییەکان نوێ کردەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای دەنگدانی رایگەیاند، سێ بەرپرسی باڵای پارتی دیموکراتی عەرەبی لە باشووری وڵات بە فەردەی پڕ لە پارەی کاشەوە دەستگیر کراون. ناتانیاهۆ گوتی: "نەچن بۆ کەنار دەریا و سەیران، بەڵکو بچن بۆ بنکەکانی دەنگدان و دەنگ بە لێکود بدەن، چونکە ناتوانین ئەم شەڕە لە دەستی چەپڕەوەکان و پارتییە عەرەبییەکاندا بەجێبهێڵین کە دەیانەوێت کۆتایی بە دەوڵەتی جودای سەر بە جووەکان بهێنن."
سەرەڕای ئەوەی پارتی 'ڕەعام' پارتێکی ڕێژەیی بچووکە، بەڵام لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن وەک چاوەڕوان دەکرێت نزیک بن لە یەکتر، دەکرێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕێت لە پێکهێنانی هاوپەیمانییەتییەکی ئۆپۆزسیۆندا.
لەلایەکی دیکەوە، دین لیڤن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەم رووداوە ناساییە کرد و رایگەیاند، پۆلیس پێش گەیشتنی خەڵک بۆ بنکەکانی دەنگدان، چەند کەسێکی گرتووە کە هەوڵیانداوە بەرتیل بە دەنگدەران بدەن. ئاماژەی بەوەش کرد، تۆمەتبارەکان لە نزیک ماڵەکانیان دەستگیر کراون و دۆسیەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، هەروەها جەختی کردەوە ئەمە رووداوێکی ناوچەیی دیاریکراو بووە و رووداوی هاوشێوە لە ناوچەکانی دیکەی وڵات نەبووە.
هاوکات پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن، لە نێویاندا پارتی گادی ئایزنکۆت کە رکابەری سەرەکی ناتانیاهۆیە، سکاڵایان تۆمار کردووە لەوەی کە کاخەزی دەنگدانیان لە بنکەکاندا دڕێنراوە یان دزراوە، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە هیچ بەڵگەیەک نییە کە دەستکاریی سیستەماتیک لە کاخەزی دەنگداندا کرابێت و راپۆرتەکان دەستبەجێ بەدوادوچوونیان بۆ دەکرێت.
کەناڵ12ی ئیسرائیل دوا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئیسرائیلی راگەیاند تا کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ،لە سەر ئاستی پارتەکان، پارتی "یاشار" بە بەدەستهێنانی 23 کورسی ریزبەندی یەکەمی گرتووە، دوای ئەویش پارتی "لێکود"ی ناتانیاهۆ بە 21 کورسی لە پلەی دووەمدایە. هاوکات پارتەکانی دیکەی وەک "توگێزەر" 15 کورسی، "دیموکراتەکان" 10 کورسی، "لیستی هاوبەش" 9 کورسی، پارتەکانی "شاس"، "عۆتزما یهودیت" و "ئیسرائیل بەیتێنو" هەر یەکەیان 8 کورسی، "یو تی جەی" 7 کورسی، "زایۆنیزمی ئایینی" 6 کورسی و "رەعام (UAL)" 5 کورسییان بەدەست هێناوە، بەمەش هاوسەنگیی هێز لەنێوان هەردوو بەرە سەرەکییەکەدا بە کراوەیی ماوەتەوە.