سەعد مەعن: ئەو درۆنەی لە بەغدا تێکشکێنرا هیچ تەقەمەنییەکی هەڵنەگرتبوو

"لە هەوڵی ئاشکراکردنی شوێنی هەڵدانی درۆنەکەداین"

سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاشکرای کرد، پاشماوەی ئەو درۆنەی لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا تێکشکێنرا کۆکراوەتەوە و پسپۆڕانی ئەمنی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ دیاریکردنی شوێنی سەکۆی هەڵدانی؛ هاوکات جەختی کردەوە کە درۆنەکە هیچ کەرەستەیەکی تەقەمەنیی هەڵنەگرتبوو و هیچ زیانی گیانی و دارایی لێ نەکەوتووەتەوە.

سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: ئەو درۆنەی لە نزیک ناوچەی سەوزی بەغدا تێکشکێنرا، هەوڵێکی شکستخواردوو بوو.

هاوکات روونی کردەوە، درۆنەکە لە کاتی نزیکبوونەوەی لە ناوچەی سەوز دەستبەجێ خراوەتە خوارەوە، هیچ تەقەمەنییەکی هەڵنەگرتبوو و هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لێ نەکەوتووەتەوە

سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی عێراق رێوشوێنی ئەمنیی تۆکمەی گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات و هیچ کەلێنێکی ئەمنی بوونی نییە؛ هەروەها هەڵدانی ئەو درۆنەی بە هەوڵێک بۆ دروستکردنی شڵەژان و تێکدانی یەکڕیزی لەقەڵەم دا.

سەعد مەعن گوتیشی: تیمێکی تەکنیکی و بەڵگەی تاوانکاری دەستیان بە لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی پاشماوەکانی درۆنەکە کردووە و، لە رێگەی پشکنینی پارچەکانیەوە کار لەسەر ئاشکراکردنی سەکۆ و شوێنی هەڵدانی دەکرێت. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا تەواوی دەرئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی شانەکە باسی لە ئامادەییی سەربازیی وڵات کرد و جەختی کردەوە، تێکشکاندنی درۆنەکە لە رێگەی هەماهەنگیی تۆکمەوە بووە، عێراق خاوەنی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی کارا و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەیە.

مەعن ئاشکراشی کرد، ئەمڕۆ لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کۆبوونەوەیەکی تەواوکاری ئەنجام دراوە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی زیاتری توانای سوپا و هێزی ئاسمانیی عێراق و تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ ئەو مەبەستە.

جەختی لەوەش کردەوە، کە رێگە نادرێت ئەو جۆرە کردەوانە دووبارە ببنەوە و ئەوانەی لە پشت هەڵدانی ئەو درۆنەوەن، بە پێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و بە توندترین شێوە رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دەنگی سێ تەقینەوەی بە‌هێز لە بەغدای پایتەختی عێراق بیسترابوون. سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو: دەنگی تەقینەوەکان بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە بوون بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز.

لە ماوەی رابردوودا، ناوچەی سەوز لە بەغدا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەردەوام رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی بوونەتەوە. ئەم هێرشانە زۆرجار دەخرێنە پاڵ گرووپە چەکدارەکان، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە ململانێ و گرژییە بەردەوامەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

هێزەکانی ئەمریکا سیستمی بەرگریی ئاسمانییان لە جۆری (سی رام) لە نێو کۆمەڵگەی باڵیۆزخانەکەدا جێگیر کردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی ئاسمانی. لە رابردووشدا چەندین جار ئەو سیستمە بۆ تێکشکاندنی درۆن و مووشەکە ئاراستەکراوەکان چالاک کراوە.