سەرچاوەیەک: بە درۆن هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا
هێرشێکی درۆنی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزەی بەغدا تێکشکێنرا.
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێز لە بەغدای پایتەختی عێراق بیسترا.
لەمبارەوە سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی کردەوە هاوبەشەکانی بەغدا بە کوردستان24ـی رایگەیاند، دەنگی تەقینەوەکان بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە بوون بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز.
بە گوتەی سەرچاوەکە، بەهۆی هێرشە درۆنییەکەوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە بەغدا کارا کراوە.
لەلای خۆیەوە سەعد مەعن سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئاسایشی عێراق رایگەیاند، ئەو دەنگەی لە بەغدا بیستراوە هۆکارەکەی تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) بووە لە دەوروبەری ناوچەی سەوز.
سەرۆکی شانەکە روونی کردەوە، سەرچاوەی هەڵدانی درۆنەکە نەزانراوە و هێزەکانی ئاسایش تێکیان شکاندووە، هاوکات لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە.
لە ماوەی رابردوودا، ناوچەی سەوز لە بەغدا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەردەوام رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی بوونەتەوە. ئەم هێرشانە زۆرجار دەخرێنە پاڵ گرووپە چەکدارەکان، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە ململانێ و گرژییە بەردەوامەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هێزەکانی ئەمریکا سیستمی بەرگریی ئاسمانییان لە جۆری (سی رام) لە نێو کۆمەڵگەی باڵیۆزخانەکەدا جێگیر کردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی ئاسمانی. لە رابردووشدا چەندین جار ئەو سیستمە بۆ تێکشکاندنی درۆن و مووشەکە ئاراستەکراوەکان چالاک کراوە.