دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی دواخرا
گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، دانیشتنی دادگای تاوانەکانی 2ـی سلێمانی، سەبارەت بە کەیسەکەیان بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە، هاوکات ئاشکرای دەکات هێشتنەوەی بەشێک لە راگیراوەکان لە زیندانی ئاسایش پێچەوانەی رێکارە یاساییەکانە.
ئەمرۆ چوارآشەممە، دانا تەقیەدین بە کوردستان24ـی راگەیاند "رۆژی 27ـی مانگ داواکارییەکیان بۆ دواخستنی دادگاییکردنەکە پێشکەش بە دادوەری دادگای تاوانەکانی 2 کردووە، ئەمڕۆش دادگا وەڵامی داونەتەوە و قبوڵکردنی دواخستنەکەی راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا کاتی نوێی بۆ دانیشتنەکە دیاری نەکردووە."
سەبارەت بە ئامادەنەبوونی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی لە دادگا، گوتەبێژی تیمی پارێزەران روونیکردەوە "ئێمە دوێنێ سەردانی چاکسازیی گەورانمان کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری چاکسازییەکە قسەمان کرد، لەسەر داوای خۆی (لاهور شێخ جەنگی) ئامادەی دادگاییکردنەکە نەبوو، هەرچەندە دیارە لایەنی پەیوەندیدار رێکارەکانی خۆی گرتووەتەبەر، بەڵام هیچ یەکێک لە راگیراوەکانی دیکەش نەهێنراونەتە بەردەم دادگا."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دانا تەقیەدین رەخنەی توندی لە شوێنی راگرتنی تۆمەتباران گرت و گوتی "لە کۆی 22 راگیراوی ئەم کەیسە، 19 کەسیان کە بەپێی ماددەی 406 (تایبەت بە کوشتن) تۆمەتبار کراون، ئێستا لە زیندانی ئاسایشی سلێمانی راگیراون، ئەمەش رێکارێکی نایاساییە."
روونیکردەوە، لە رووی یاساییەوە و بەپێی ماددەی 109 لە یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی (ئوسوڵی موحاکەماتی جەزائی)، دەبێت پەڕاوی لێکۆڵینەوەکە بەپێی تایبەتمەندیی شوێن لە بنکەی پۆلیسی سەرچنار بێت. هەروەها جەختی کردەوە، هەر کاتێک تۆمەتبارێک لەسەر تاوانێک دەگیرێت، پێویستە تا یەکلاکردنەوەی دۆسیەکەی و دەرچوونی سزای دادگا، لە بەڕێوەبەرایەتیی گرتن و گواستنەوە رابگیرێت، نەک لە زیندانی ئاسایش.
سەبارەت بە چارەنووسی بەشێکی دیکە لە گیراوەکان، دانا تەقیەدین ئاماژەی بەوە دا، هەریەک لە لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی، رێبوار و حامی حاجی غالی، کە سزا دراون، بەپێی رێکارە یاساییەکان گواستراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گرتن و گواستنەوە و سزاکانیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.
لە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026 و دوای هەشت دانیشتنی دادگا، دادوەرانی دۆسیەی لالەزار بە پێی ماددەی 56 تایبەت بە رێککەوتن و پلاندانان بۆ تاوان، بڕیاری سزادانیان بەسەر لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و رێبوار حامید حاجی خالید و ژمارەیەک کەسی دیکەدا سەپاند.
بە پێی ئەو بڕیارانە، لاهور شێخ جەنگی بە پێنج ساڵ و سێ مانگ، پۆڵاد شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ و رێبوار حامید حاجی خالید بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزادران. هەروەها هەشت کەسی دیکە بە ماوەی جیاواز سزادران و دوو تۆمەتباریش بە بێتاوان ناسێنران.
بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025، هێزەکانی کۆماندۆ و دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، لەو رووداوەدا دوای چوار کاتژمێر لە پێکدادانی چەکداری لە نێوان ئەو هێزانە و چەکدارانی هێزی تایبەتی بەرەی گەل بە بەکارهێنانی چەکی قورس، چەندین چەکدار لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.