ژیریی دەستکرد لە پزیشکی پسپۆڕ وردتر نەخۆشی دەستنیشان دەکات
توێژەرانی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت سیستەمێکی نوێی ژیریی دەستکردیان پەرەپێداوە کە توانایەکی بەرزی لە دەستنیشانکردنی وردی نەخۆشییە ئاڵۆزەکاندا هەیە و توانیویەتی لە پزیشکە پسپۆڕە گشتییەکان سەرکەوتووتر بێت.
توێژەرانی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت سیستەمێکی نوێی ژیریی دەستکردیان پەرەپێداوە کە لە تاقیکردنەوە پزیشکییەکاندا، بەتایبەت لە حاڵەتە ئاڵۆزەکان و تۆمارەکانی بەشی فریاکەوتندا، شێوازی دەستنیشانکردنی وردتری لە پزیشکە گشتییەکان تۆمار کردووە.
ئەنجامی توێژینەوەکە دەریخستووە، ئەم سیستەمە نوێیە توانیویەتی بە رێژەی 83.2% بە دروستیی نەخۆشییە ئاڵۆزەکان دەستنیشان بکات، لە کاتێکدا ئەو پزیشکانەی سەرچاوەی پزیشکییان بەکارهێناوە رێژەی سەرکەوتنیان 36.1% بووە. هاوکات توێژەران ئاماژەیان بەوەش کردووە، تێچووی خەمڵێنراوی تاقیکردنەوەکان بە گوێرەی سنووری دارایی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
ئەم سیستەمە کە ناوی "Microsoft AI Diagnostic Orchestrator" (MAI-DxO)"ـیە، بە پێچەوانەی رێگە نەریتییەکان کار دەکات؛ لەبری پشتبەستن بە زانیاریی تەواوەتی نەخۆش لە سەرەتاوە، بە قۆناخ کار لەسەر حاڵەتەکان دەکات. سیستەمەکە خۆی بڕیار دەدات چ پرسیارێک بپڕسێت، داوای چ تاقیکردنەوەیەک بکات و کەی بەڵگەی پێویستی لەبەردەستدایە بۆ بڕیاردانی کۆتایی.
ژیریی دەستکردی مایکرۆسۆفت چۆن نەخۆشیی دەستنیشان دەکات؟
سیستەمی MAI-DxO مۆدێلێکی زمانیی گەورە بەکاردێنێت بۆ هاوشێوەکردنی لیژنەیەکی پزیشکانی پسپۆڕ کە رێگەی جیاواز بەکاردەهێن. لە سەرەتادا سیستەمەکە بە پێناسەیەکی کلینیکی کەم دەستپێدەکات و بەپێی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان داوای وردەکاریی زیاتر دەکات، هاوكات کۆی تێچووی پشکنینەکانیش لەبەرچاو دەگرێت.
لە هەڵسەنگاندنە سەرەکییەکاندا مۆدێلی GPT-5 بەکارهێنراوە. بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم پرۆسەیەش، توێژەران چوارچێوەیەکی تاقیکردنەوەیان بە ناوی (SDBench) پەرەپێداوە. ئەم چوارچێوەیە 304 حاڵەتی شیکاریی و 325 رووداوی بەشی فریاکەوتنی لەخۆگرتووە تاوەکو بەراوردی وردی کارایی و تێچوو بکات.
ئەنجامەکان دەریانخست کە سیستەمی MAI-DxO بەر لە داواکردنی یەکەم تاقیکردنەوە، ناوەندگیر (تێکڕا)ی 25.5 پرسیاری کردووە، لە کاتێکدا پزیشکان تەنیا 5.6 پرسیاریان کردووە؛ ئەمەش وایکردووە سیستەمەکە زانیاریی زۆرتر لەسەر مێژووی نەخۆشەکە کۆبکاتەوە.
پێشکەوتووتر لە پزیشکان و جیاوازیی تێچوو
لە حاڵەتە ئاڵۆزەکاندا، سیستەمەکە رێژەی 83.2%ی بەدەستهێنا، لە کاتێکدا پزیشکە گشتییەکان بەبێ سەرچاوە 22.3% و بە سەرچاوەوە 36.1%یان بەدەستهێنا. بەرزترین ئاستی پزیشکێکیش گەیشتە 51.8%. لە بەشی فریاکەوتنیشدا سیستەمەکە 80.3%ی حاڵەتەکانی بە دروستی دەستنیشان کرد بەراورد بە 46.8%ی پزیشکان.
سەبارەت بە تێچوو، ئەگەر هیچ دیاریکردنێک بۆ بودجە نەکرێت، تێچووی سیستەمەکە زیاتر دەبێت؛ بۆ نموونە لە حاڵەتە ئاڵۆزەکاندا تێچووی ناوەندگیری سیستەمەکە 5,431 دۆلار بووە بۆ هەر حاڵەتێک، بەرامبەر 4,725 دۆلار بۆ پزیشکان. بەڵام کاتێک سنوور بۆ بودجە دانرا، سیستەمەکە توانی بە تێچووی تەنیا 1,303 دۆلار رێژەی 79.6% لە دەستنیشانکردنی دروست بەدەستبهێنێت.
هارشا نۆری، بەرپرسی بەشی ژیریی دەستکرد لە مایکرۆسۆفت تەندروستی لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند: "ئێمە سەرقاڵی پێوانەکردنی ئەوەشین کە سیستەمەکە چەندە بە بڕیارێکی ورد و وشیارانەوە پرۆسەی دەستنیشانکردن ئەنجام دەدات."
هەنگاوی داهاتوو: تاقیکردنەوەی کلینیکی
سەرەڕای ئەم ئەنجامە بەرچاوانە، توێژینەوەکە پشت بە تۆماری دەقی بەستووە و هێشتا راستەوخۆ وێنەی تیشکی و شیکارییە پزیشکییەکان ناخوێنێتەوە، هەروەها تاقیکردنەوەکان لەسەر نەخۆشی راستەقینە لە واقیعدا ئەنجام نەدراون. بەمەش توێژەران جەخت دەکەنەوە، هەنگاوی داهاتوو تاقیکردنەوەی زیاتری کلینیکی دەبێت تا دڵنیاببنەوە لەوەی ئەم تەکنەلۆژیایە چۆن دەتوانێت لە خزمەتی تەندروستیی نەخۆشەکاندا بێت.