کەرکووک.. داوادەکرێت هێزێکی هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی دروست بکرێت
هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانیان بۆ کێوماڵکردن و پاککردنەوەی چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگای کەرکووک لە پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستیپێکرد. ئامانجی سەرەکیی ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە، بڕینی رێگەی هاتوچۆ و تێکدانی پەناگەکانی داعشە لە چەند ناوچەیەکی هەستیاردا، پێشتر چەکدارانی تیرۆریست لەو شوێنانەدا خۆیان حەشار داوە و جووڵەیان هەبووە.
سەبارەت به گرنگیی ئەم هەنگاوە، مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "پێویست بوو لە زووترین کاتدا دوو لیوای هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا دروست بکرایە، چونکە بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانەدا بووە بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان". غەریب جەختدەکاتەوە، چارەسەری بنەڕەتی لە دیدی لێژنەکەیانەوە تەنیا پڕکردنەوەی ئەو بۆشایانەیە بە هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
لە لایەکی دیکەوە، لێژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک راپۆرتێکی فەرمیی خۆیان پێشکەش بە پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا کردووە. لەم بارەیەوە، نەشئەت شاویز، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رایگەیاند، لای ئەوانەوە تاکە رێگە بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە، دروستکردنی هەماهەنگیی تەواوە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا.
سەرباری ئەوەی ناوبەناو هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەو ناوچانەدا دەکەن، بەڵام بە گوتەی بەرپرسان، دوای کشانەوەی هێزەکان جارێکی دیکە دەبنەوە بە شوێنی پهنابردن و جموجۆڵی چەکدارانی داعش. بەتایبەت لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، چەکدارانی داعش دەستیان بە جووڵە کردووە و سێ کامێرای حەراریی هێزە عێراقییەکانیان لە بۆشایی ئەمنیدا تێکشکاندووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تەنیا لە سنووری کەرکووکدا 170 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە. سەرەڕای هۆشداریی بەردەوامی بەرپرسانی ئەمنی و پەرلەمانی لەسەر ئەوەی ئەم بۆشاییانە ئێستا بوونەتە مەترسی و شوێنی جموجۆڵی چەکدارانی داعش، لێژنەی ئەمنی لە پەرلەمانی عێراق جارێکی تر داوای زیادکردنی هێز و پێکهێنانی یەکەی هاوبەش بۆ کەرکووک دەکات.