عێراقچی هۆشداری توند بە ئیسرائیل دەدات

 وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا لە هەر سەرکێشییەکی سەربازیی ئیسرائیل لە ناوچەی کەنداو و جەختیکردەوە، کاریگەرییە چاوەڕوانکراوەکانی ئەو دۆخە لەسەر بازاڕە نێودەوڵەتییەکان مایەی نیگەرانیی دابینکەران و بەکارهێنەرانی غازە.

چوارشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس رایگەیاند، " هەر سەرکێشییەک کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دژی ئێران دەستپێبکات، کاریگەریی وێرانکەرەکەی لە ناوچەکە بە گشتی و بە تایبەت کەنداوی عەرەبی دەبێت، گوتیشی، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگ و دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هێشتا سەرچاوەیەکی گەورەی نیگەرانییە بۆ هەموو دابینکەران و بەکارهێنەرانی غاز لە بازاڕە جیهانییەکاندا. 

ئەم هۆشدارییەی تاران هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئیسرائیل. ئەنجامە بەراییەکان نیشانەی نزیکیی رێژەی دەنگەکانی نێوان بەرەی بنیامین نەتانیاهۆ و رکابەرەکانیەتی، بەبێ ئەوەی بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان یەکلاییبوونەوەیەکی روون بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو هەبێت.

نەتانیاهۆ پێشتر رایگەیاندبوو بەنیازە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کار بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی ئێران دروستی دەکات. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری بەردەوامیی هەماهەنگیی واشنتن و تەلئەبیب سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، لەکاتێکدا نیگەرانییەکان لەبارەی سەرهەڵدانەوەی پێکدادانی سەربازی لە ناوچەکەدا زیادی کردووە.