کوەیت بەهۆی دەستوەردان لە دادوەری باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت کرد

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت باڵیۆزی ئێرانی لە وڵاتەکەی بانگهێشت کرد و یاداشتێکی ناڕەزایەتیی توندی پێدا، ئەوەش دوای ئەوەی باڵیۆزخانەی تاران رەخنەی لە بڕیارێکی دادگای کوەیت گرتبوو سەبارەت بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر هاووڵاتییەکی ئێرانیدا کە تۆمەتبارە بە پلانداڕشتن بۆ تیرۆرکردنی وەزیرێکی کوەیتی.

چوارشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی کوەیت رایگەیاند، محەممەد توتونچی، باڵیۆزی ئێرانی لە کوێت بانگهێشت کردووە و یاداشتێکی ناڕەزایەتیی فەرمیی لە دژی بەیاننامەکەی باڵیۆزخانەی ئێران پێداوە، کوەیت لە یاداشتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هەڵوێستەکەی تاران دەستوەردانێکی زەقە لە کاروباری ناوخۆی کوەیت، پێشێلکردنی سەروەری و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەرییە و دژ بە یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکانە.

ئەم گرژییە دوای ئەوە هات رۆژی دووشەممە، دادگایەکی کوەیت سزای لەسێدارەدانی بەسەر سێ هاووڵاتیی موسڵمانی شیعەدا سەپاند، بەپێی لێدوانی دوو سەرچاوەی دادوەری بۆ ئاژانسی فرانس پرێس، تۆمەتی ئەو کەسانە بریتی بووە لە: پلانداڕشتن بۆ تیرۆرکردنی شێخ فەهد یوسف ئەلسەباح، جێگری یەکەمی سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی کوەیت، هەروەها سیخوڕیکردن بۆ ئێران و پەیوەندیکردن بە حزبوڵڵای لوبنانی لەنێو سزادراوەکاندایە، ناوی هاووڵاتییەکی ئێرانی هاتووە بە ناوی عەبدولڕەزا حەیدەر دێهقانی، کە پێشتر و لە بەر لە 10 ساڵ لە دۆسیەی ناسراو بە شانەی عەبدەلی بەغیابی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو. هەروەها یەکێکی دیکە لە سزادراوەکان پیاوی ئایینی حوسێن عەبدوڵڵا مەعتووق، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی نیشتمانیی ئیسلامییە لە کوەیت.

لە بەرامبەردا، باڵیۆزخانەی ئێران لە کوەیت رۆژی چوارشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا بە توندی تۆمەتەکانی حکوومەتی کوەیتی ڕەتکردەوە سەبارەت بە تێوەگلانی هاووڵاتییەکی ئێرانی لە پیلانی تیرۆرکردندا، و جەختی کردەوە لەوەی ئەو کەسەی ناوی هاتووە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا بە هیچ شێوەیەک لە کوەیت نەبووە.

هاوکات باڵیۆزخانەکە نیگەرانیی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەردەوامیی ئەو جۆرە سیناریۆیانە دەربارەی ئێران.

موسڵمانانی شیعە نزیکەی سێیەکی هاووڵاتییانی کوەیت پێکدەهێنن، لە دوای هەڵگیرسانی گرژی و شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، دەوڵەتانی کەنداو و لەنێویاندا کوەیت، دەستگیرکردنی دەیان کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندیداری بە ئێرانەوە راگەیاندووە لە کاتێکدا ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزی ئەمنیدا تێدەپەڕێت.