شەقڵاوە.. بە گوژمەی 9 ملیار دینار پڕۆژەیەکی ستراتیژیی رێگاوبان جێبەجێ دەکرێت
پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لەسەر راسپاردە و فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رەزامەندی درا لەسەر دەستپێکردنی پڕۆژەی چاککردنەوەی تەواوی رێگای گردی زەیتونە و بەدووسایدکردنی شەقامی سەر مەیدان لە سەنتەری قەزای شەقڵاوە.
چوارشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە گوێرەی راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر، ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییە ستراتیژییە لە پەرەپێدانی کەرتی رێگاوبان لە سەنتەری قەزای شەقڵاوە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی جەنجاڵی شەقامەکان و هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران بە گوژمەی 9 ملیار دینار جێبەجێدەکرێت،
هەروەها جەختی لەسەر تەواوکردنی پڕۆژەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کراوەتەوە، بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بە شێوازێکی ئەندازەیی پێشکەوتوو و بە بەکارهێنانی نوێترین تەکنیکی سەردەم جێبەجێ بکرێت، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی بەرزترین کوالێتی و رێگریکردن لە دووبارە تێکچوونەوەی رێگاکە لە داهاتوودا.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دێت بۆ گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بە سەرجەم شار و شارۆچکەکان و باشترکردنی ژێرخانی رێگاوبانەکان، لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و گەشتیاران.