کاتز: سوپاکەمان ئامادەیە و هەر بڕیارێک دژی ئێران جێبەجێدەکات

 وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختیکردەوە، سوپا بەردەوام دەبێت لە بەشداریکردن لە گفتوگۆکانی پەیوەست بە ئێران و هەر بڕیارێک پێویست بێت جێبەجێی دەکات.

چوارشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەم لێدوانەی  یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە وەڵامی قسەکانی گادی ئایزینکوت، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزیسیۆنی یشار هات، کە گوتبووی بەرپرسانی باڵای سەربازی گوێڕایەڵی رێنماییەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نابن، و لە کردەوە و بڕیارەکانی نیگەرانن.

کاتز لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، بانگەوازەکەی ئایزینکوت بۆ بەرپرسانی باڵای سوپا لێدوانێکی نادیموکراتی و دوور لە راستییە. هاوکات ئایزینکوتی تۆمەتبارکرد بەوەی لە رەوتی هەڵبژاردنەکاندا بەردەوامە لە هەڵمەتێک کە بە چەواشەکاری وەسفی کرد، سەبارەت بەو بانگەشانەی باس لە بوونی ناکۆکی لەنێوان ئاستی سەربازی و سیاسی لەسەر دۆسیەی ئێران دەکەن.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختیکردەوە، سوپا هاوبەشێکی تەواو بووە لە بەدەستهێنانی دەستکەوتە گەورەکان دژ بە ئێران و لە سەرجەم گفتوگۆکانی ئێستادا بەشدارە، دووپاتیشیکردەوە هەر بڕیارێک پێویست بێت جێبەجێی دەکەن.

ئەم لێدوانانە لەگەڵ بەردەوامیی پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئیسرائیل هاتن. دوایین ئەنجامەکانی کۆمیسیۆنی ناوەندیی هەڵبژاردنەکان نیشانی دەدەن بەرەی بنیامین ناتانیاهۆ 54 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەرامبەر 49 کورسی بۆ بەرەی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزینکوت، هەروەها پارتە عەرەبییەکان بە کۆی گشتی 19 کورسییان بەدەستهێنا.

سەرەڕای پێشەنگیی بەرەی ناتانیاهۆ، ئەو بەرەیە نەیتوانیوە زۆرینەی رەها بەدەستبهێنێت، بۆ پێکهێنانی حکوومەت پێویستە، بریتییە لە 61 کورسی لە کۆی 120 کورسیی پەرلەمان.

لە ناوخۆی ئیسرائیل مشتومڕەکان سەبارەت بە ئەگەری هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران نوێ بوونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هەندێک راپۆرت باسیان لەوە کرد ناتانیاهۆ فەرمانی بە سوپا کردووە بۆ ئامادەکاری بۆ خولێکی دیکەی هێرشکردن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی دەستپێکردنەوەی شەڕە پێش هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا کە بڕیارە 3ـی نۆڤەمبەر بەڕێوەبچێت.

نووسینگەی ناتانیاهۆ هەندێک لەو راپۆرتانەی سەبارەت بەو پلانانە رەتکردەوە، هاوکات کاتز گوتی ئەگەر ئیسرائیل رووبەڕووی هێرش ببێتەوە، ئەوا وەڵامی دەبێت.