لە رواندز پڕۆژەیەکی ئاوی خواردنەوە بۆ حەوت گوند جێبەجێ دەکرێت
بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێک دینار؛ پڕۆژەی گەیاندنی ئاوی خاوێن بۆ حەوت گوندی دۆڵی ئاکۆیان گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و سەرپەرشتیاری پرۆژەکەش ئاماژە بەوە دەکات خەزانێکی گەورە بۆ گلدانەوەی ئاو دروستکراوە.
پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ حەوت گوندی دۆڵی ئاکۆیان لە سنووری قەزای رواندز، بە رێژەی 75% تەواو بووە، بە تەواوبوونیشی نزیکەی هەزار ماڵ لە کێشەی بێئاوی ڕزگاریان دەبێت کە ساڵانێکە بەدەستییەوە دەناڵێنن.
پڕۆژەکە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە گوژمەی ملیارێک و 70 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت، کە ئاوی خاوێن لە سەرچاوەی هاوینەهەواری بێخاڵەوە دەگوازێتەوە بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.
هیمداد سەلیم، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بۆ کوردستان24 رایگەیاند"سەرچاوەی ئاوی پڕۆژەکە کە حەوت گوندی دۆڵی ئاکۆیان لەخۆ دەگرێت لە بێخاڵەوە دێت، بە درێژایی 18.5 کیلۆمەتر بە بۆڕیی دەکتاکتیل ڕاکێشراوە، خەزانێکی گەورەش دروستکراوە کە توانای گلدانەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن لیتر ئاوی هەیە و لە ڕێگەی بۆڕیی پۆلی ئەسیلینەوە دابەشدەکرێتەوە بەسەر تۆڕی ناوخۆیی گوندەکاندا."
گوندەکانی دۆڵی ئاکۆیان، لە ئاکۆکۆنەوە تاوەکو بنەکەوێڵ، نزیکەی هەزار ماڵ لەخۆدەگرن. دانیشتووانی ناوچەکە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سەرەڕای سروشتی ناوچەکەیان، بەدەست کەمئاوییەوە دەیانناڵاند و ناچاربوون لە ڕێگەی تانکەرەوە ئاوی پێداویستیی رۆژانەیان دابین بکەن.
ئیسماعیل محەمەد، هاووڵاتیی ناوچەکە خۆشحاڵی خۆی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەربڕی و گوتی "پێشتر بەدەست بێئاوییەوە زۆر ماندوو بووبووین و بە تانکەر ئاومان دەکڕی، ئەم پڕۆژەیە خزمەتێکی زۆر گەورە بە خەڵکی ناوچەکە دەگەیەنێت و سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە ئاوڕی لە کێشەکەمان دایەوە."
چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەکە بە تەواوی کۆتایی پێبێت و بخرێتە خزمەتی دانیشتووانی حەوت گوندەکەی دۆڵی ئاکۆیانەوە، بەوەش کۆتایی بە کێشەی چەندین ساڵەی بێئاوی لەو دەڤەرە بهێنرێت.


