حزبوڵڵای لوبنان چەکدانان رەت دەکاتەوە

"بۆ ئێمە گرنگ نییە کێ حوکمی ئیسرائیل دەکات"

نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان
نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان لە کاردانەوەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل رایگەیاند: بۆ ئەوان هیچ گرنگ نییە کێ دەسەڵات لە تەلئەڤیڤ دەگرێتە دەست، دەبێت ئیسرائیل لە خاکی لوبنان بکشێتەوە. هاوکات هەر جۆرە گفتوگۆیەکیشی لەبارەی دەستبەرداربوون لە چەکی حزبەکەی لە سایەی بەردەوامیی داگیرکاریدا رەت کردەوە.

چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "بۆ ئێمە هیچ بایەخێکی نییە کێ حوکمی  ئیسرائیلی دەکات، بەڵام با چاک بزانێت کە ناتوانێت بەردەوامی بە داگیرکارییەکەی بدات و دەبێت دەستبەجێ لە خاکی ئێمە بچێتە دەرەوە."

هەروەها سەبارەت بە پرسی چەکدانانی حزبەکەی، نەعیم قاسم رایگەیاند: بەرگرییکردن بەردەوامە، تا ئەو کاتەی داگیرکاری لە ئارادا بێت و دەستدرێژی بەردەوام بێت، هیچ شوێنێک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داماڵینی چەک بوونی نابێت.

ئەم لێدوانانەی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا لە کاتێکدایە کە دوای جیاکردنەوەی زیاتر لە 85%ـی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان (کنێست) رۆژی سێشەممە لە ئیسرائیل، بەرەکەی بنیامین ناتانیاهۆ بە جیاوازییەکی کەم لە پێشەوەیە، بەڵام نەیتوانیوە زۆرینەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکوومەت مسۆگەر بکات.

ناتانیاهۆش هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنەکان هەڕەشەی کردبوو کە ئیسرائیل لە لێدانی دوژمنەکانی لە کاتی پێویستدا دوودڵ نابێت.


پاشخانی پێکدادانە سەربازییەکان لە لوبنان

دوای ئەو جەنگە وێرانکەرەی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل کە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک بەردەوام بوو و لە تشرینی دووەمی 2024 بە راگەیاندنی ئاگربەست کۆتایی هات، حکوومەتی لوبنان پلانێکی پەسەند کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی چەک بە دەستی هێزە شەرعییەکان و سوپای ڕاسپارد بۆ جێبەجێکردنی؛ بەڵام حزبوڵڵا رەتی کردەوە دەستبەرداری چەکەکانی ببێت.

لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵدا، حزبوڵڵا جارێکی دیکە چووەوە نێو شەڕی ڕاستەوخۆوە و لە کاردانەوەی تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، زنجیرەیەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەمەش لوبنانی گەڕاندەوە ناو بازنەی جەنگێکی خوێناوی.

 لە وەڵامدا ئیسرائیل بۆردومانێکی چڕی ئەنجام دا و بەشێک لە خاکی باشووری لوبنانی داگیر کردەوە، کە بەپێی ئاماری فەرمیی دەسەڵاتدارانی بەیرووت زیاتر لە چوار هەزار و 300 کەس کوژران.

سەرەڕای ئەوەی لە کۆتایییەکانی مانگی حوزەیرانی 2026ـەوە بەهۆی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران، هاوشانی رێککەوتنی چوارچێوەیی لە نێوان حکوومەتەکانی لوبنان و ئیسرائیل، ئاستی پێکدادانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی، بەڵام سوپای ئیسرائیل بە بەردەوامی هێرشی ئاسمانی ئەنجام دەدات بە بیانووی لێدانی ژێرخانی حزبوڵڵا لە باشوور، لە کاتێکدا حزبوڵڵا لە دوای رێککەوتنەکەی حوزەیرانەوە بەرپرسیارێتیی هیچ هێرشێکی سەربازیی نەگرتووەتە ئەستۆ.