%95ــی کارەکانی پڕۆژەی دووسایدی کۆڕێ-شەقڵاوە-قەندیل تەواو کراون
کارەکانی پڕۆژەی دووسایدی کۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیل بە رێژەی 95% تەواو بووە و لە قۆناغی کۆتاییدایە، پڕۆژەکەش بە یەکێک لە پێشکەوتووترین رێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و ئاسانکارییەکی گەورە بۆ هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی دروست دەکات.
بەپێی بەدواداچوونی پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی پڕۆژەکە، رێگاکە بە درێژایی ١٠کیلۆمەترە و بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی ناوچەکە، کات و تێچوویەکی زۆری پێویست بووە.
پڕۆژەکە پێکدێت لە دروستکردنی بەرزەپردێک (ئۆڤەرپاس)، دوو ژێرزەمین (ئەندەرپاس) ودرێژکردنەوەی توونێلی ماوەران لە هەردوو ئاراستەکە بەهۆی ئەوەی پێشتر تووشی داڕمان بووبوو، هاوکات تەواوکردنی کارە کارەبایی و میکانیکییەکانی هەردوو توونێلی میراوە و ماوەران.
لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە، لە کۆڕێ بە ئەندەرپاس و بەرزەپردێک رێگەی شەقڵاوە – هەولێر دەبەسترێتەوە، هەروەها لە نزیک توونێلی میراوە بەبێ راوەستان و لە رێگەی ئەندەرپاسێکەوە بە رێگەی قەندیل دەبەسترێتەوە.
- رێڕەوی فریاگوزاری: بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەم پڕۆژەیەدا رێڕەوی فریاگوزاری (بۆ راگرتنی ئەو بارهەڵگرانەی تووشی لەکارکەوتنی ئیستۆپ دەبن) دروستکراوە.
-رووناککردنەوە بە وزەی خۆر: سەرجەم ستوونەکانی رووناککردنەوە لەسەر شەقامەکە پشت بە وزەی خۆر (سیستەمی سۆلەر) دەبەستن.
- کۆنترۆڵکردنی داڕمان: بەهۆی هەڵکەوتەی شاخاویی ناوچەکە، دیوار و ستوونی راگر (پایڵ) بە قووڵایی 30 مەتر لە پڕۆژەکەدا بەکارهاتوون.
ھۆگر حەمەد عەزیز،ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند "کارەکانی قیرتاوکردن کۆتاییان هاتووە و کار لەسەر هێڵکاری، رووناککردنەوە، جوانکاری و سەوزکردنی دەوروبەری رێگاکە دەکرێت، هەوڵەکان چڕکراونەتەوە تاوەکو لە زووترین کاتدا تەواو بکرێت و بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییانەوە."
بە تەواوبوونی پڕۆژەی دووسایدی کۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیل، قەرەباڵغییەکی زۆری سەر
رێگەی سەرەکیی هەولێر – شەقڵاوە کەم دەبێتەوە و کات و ماوەی گەیشتنی گەشتیاران و هاووڵاتییان زۆر کورتتر دەبێتەوە.