لە ئیدارەی سۆران بەشی چارەسەری جەڵتەی مێشک دەکرێتەوە
لە نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران، بەشی چارەسەری خێرای جەڵتەی مێشک و نەخۆشی پارکینسۆن کرایەوە، پزیشکان ئەم هەنگاوە بە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ کەرتی تەندروستی دەزانن، چونکە خێرایی لە چارەسەرکردندا رۆڵێکی بنەڕەتی لە پاراستنی ژیانی نەخۆش و کەمکردنەوەی پاشهاتەکانی جەڵتەدا دەگێڕێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، د. حەمرین مینە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی خزمەتگوزارییەکان بەشێکی نوێ لە نەخۆشخانەکەمان کرایەوە کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی خێرای جەڵتەی مێشک.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی روونیکردەوە، پێشتر ئەم بەشە لە نەخۆشخانەکەدا نەبووە و هۆکاری سەرەکییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی بەشی چاودێریی چڕ و کەمیی پزیشکانی پسپۆڕی مێشک و دەمار. مینە گوتیشی: خۆشبەختانە لەم مانگەدا بەشی چاودێریی چڕ کرایەوە و ژمارەی پزیشکانی پسپۆڕی مێشک و دەمار بووە پێنج پزیشک، ئەمەش وادەکات بەشەکە بە باشی بخرێتە خزمەت هاووڵاتیانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
د. حەمرین مینە ئاشکرایکرد، پێشتر ناچاربوون ئەو نەخۆشانە رەوانەی هەولێر بکەن، لە کاتێکدا زانستی پزیشکی دەیسەلمێنێت پێویستە لە ماوەی 4 کاتژمێر و نیو ئەو دەرزییە تایبەتە بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی ئەو دەمارەی لە مێشکدا گیراوە بکرێتەوە. بەڵام پێشتربەهۆی دووریی رێگاکە بۆ هەولێر، کاتێکی زۆر لە دەست نەخۆشەکە دەچوو و رەنگە دەرمانەکە کاریگەریی پێویستی لەسەر نەخۆشەکە نەدەبوو.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە جەختیدەکاتەوە: هەموو پێداویستییەکان ئامادەکراون و ئەمڕۆ بە فەرمی بەشەکە کرایەوە. لەمەودوا ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بەم جۆرە دەرزییەیە لە نەخۆشخانەکەمان چارەسەر دەکرێن. ئەم دەرمانە بۆ ئەو نەخۆشانەیە کە جەڵتەکە نەبووەتە هۆی خوێنبەربوونی مێشک و ئامانج لێی پاراستنی نەخۆشە لە پەککەوتنی درێژخایەن.
لە کۆتاییدا د. حەمرین مینە هۆشداری دا کە خێرایی گەیاندنی نەخۆش زۆر گرنگە و گوتی: لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی جەڵتەی مێشک کە خۆی لە تێکچوونی قسەکردن، بینین، تێکچوونی هاوسەنگی جەستە یان سستبوون و خاوبوونەوەی ئەندامانی جەستە دەبینێتەوە، پێویستە هاووڵاتییان بە هیچ شێوەیەک نیشانەکان پشتگوێ نەخەن و بە زووترین کات خۆیان بگەیەننە نەخۆشخانە.