پارێزگاری بانکی ناوەندی روونکردنەوەی لەسەر چاپکردنی دراوی نوێ دا
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، پارێزگاری بانکی ناوەندی، نزار ناسر حوسێن، رایگەیاند، دەنگۆی چاپکردنی دراوی نەختینە دوورە لە راستییەوە، نزار روونیکردەوە، جیاوازیی نرخی فەرمیی دۆلار و نرخی بازاڕی ئازاد دابەزیوە بۆ 9%.
لەم چوارچێوەیەدا، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لیژنەی وەبەرهێنان و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ناهیدە داینی سەردانی بانکی ناوەندییان کردووە. ئامانج لە سەردانەکە، تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی گۆڕانکاریی بەهای ئاڵوگۆڕی دۆلار و کاریگەرییەکانی لەسەر کەرتی وەبەرهێنان و دۆخی ئابووری، هەروەها ئەو ئالنگارییانە بووە کە رووبەڕووی وەبەرهێنەران و کۆمەڵگە خۆجێییەکان دەبنەوە.
لیژنەکە لە کاتی سەردانەکەیدا لەو هەنگاوانە ئاگادار کراوەتەوە کە بانکی ناوەندی بۆ پشتگیریکردنی ئابووری عێراق گرتوویەتیەبەر. لەو هەنگاوانەدا پشتگیریکردنی سەرجەم بانکە حکوومی و تایبەتەکان بۆ دابینکردنی قەرزی ئاسان بۆ هاووڵاتییان لە نێوان 5 ملیۆن بۆ 15 ملیۆن دیناردا هەیە.
پارێزگاری بانکی ناوەندی جەختیکردەوە "هیچ جۆرە چاپکردنێکی دراو بوونی نییە". نزرا ناسر روونیکردەوە، رێژەی جیاوازیی نێوان بەهای فەرمی و بازاڕی ئازاد لە رابردوودا دەگەیشتە 24%، بەڵام ئێستا ئەو جیاوازییە دابەزیوە بۆ 9%.
لەلایەکی دیکەوە، لیژنەی پەرلەمانی چەند خاڵێکی بە پێویست زانی، لەوانە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی نرخی ئاڵوگۆڕ لەسەر تێچووی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و نرخەکانی کاڵا سەرەتاییەکان. لیژنەکە جەختیکردەوە لەسەر پاراستنی سەقامگیریی بازاڕ و توانای کڕینی هاووڵاتییان و دۆزینەوەی چارەسەری زانستی بۆ هاوسەنگکردنی نێوان پێداویستییە نەقدییەکان و چالاکییە ئابوورییەکان.
هەروەها لیژنەکە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان بانکی ناوەندی و لایەنە حکومییەکان و کەرتی بانکی بۆ لاوازکردنی بەربەستەکانی بەردەم وەبەرهێنەران و ئاسانکاریکردنی رێکارە داراییەکان دووپاتکردەوە، بە جۆرێک کە بەردەوامیی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان مسۆگەر بێت و باری سەرشانی هاووڵاتییان قورستر نەبێت.
لیژنەکە سەقامگیریی سیاسەتی نەختینە و روونیی رێکارە بانکییەکانی بە بنەمای سەرەکی بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی وەبەرهێنانی گونجاو زانی. ئەندامانی لیژنەکە جەختیانکردەوە لەسەر بەردەوامبوونیان لە چاودێریکردنی دۆسیە ئابوورییە لەپێشینەکان و هەوڵدان بۆ دەرکردنی راسپاردەی پراکتیکی بە ئامانجی پشتگیریکردنی وەبەرهێنان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان و بەهێزکردنی ئابووری نیشتمانی.