مۆسکۆ و واشنتن دەستیان بە دیاریکردنی وادەی دانوستانی سێقۆڵی لە ئەبوزەبی کرد
یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، مۆسکۆ و واشنتن دەستیان بە هەماهەنگیی کرداری کردووە بۆ دیاریکردنی رۆژی دەستپێکردنی دانوستانە سێقۆڵییەکانی نێوان رووسیا، ئەمریکا و ئۆکرانیا، و بە دڵنیاییەوە لە مانگی نۆڤەمبەردا لە شاری ئەبوزەبی بەڕێوە دەچێت.
هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی تاسی رووسی لە زاری یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری ڤلادیمێر پووتین سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری دەرەوە بڵاوی کردەوە، پرۆسەی رێککەوتن لەسەر وادەی دانوستانەکان دەستیپێکردووە و مۆسکۆ کۆمەڵێک پێشنیاز و بۆچوونی خۆی رادەستی لایەنی ئەمریکی کردووە و چاوەڕوانی وەڵامی کۆشکی سپین.
ئوشاکۆڤ لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی روونی کردەوە: پێشتر تەنیا ئاماژە بەوە کرابوو کە دانوستانەکان لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەردا دەبن بەبێ ئەوەی رۆژێکی دیاریکراو دەستنیشان بکرێت، بەڵام ئێستا بە کردەیی گفتوگۆ بۆ یەکلاییکردنەوەی رۆژەکە دەستیپێکردووە و بە دڵنیاییەوە کۆبوونەوەکە لەو مانگەدا لە ئەبوزەبی دەبێت."
یاریدەدەرەکەی سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، دیاریکردنی کاتی کۆتایی دیدارەکە پەیوەستە بە چەندین هۆکاری سیاسی، لەوانەش پێشهاتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان. هاوکات دووپاتی کردەوە کە پێکهاتەی سەرەکیی شاندی دانوستانکاری رووسیا بۆ گفتوگۆکانی ئەبوزەبی ئامادەیە.
هاوکات یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا سەرنجی خستە سەر شێوازی ئامادەبوونی ئەوروپییەکان لە گفتوگۆکانی داهاتوودا و رایگەیاند، ئەگەری زۆرە بەرپرسانی ئەوروپی لە میانی بەڕێوەچوونی دانوستانە سێقۆڵییەکانی نێوان رووسیا، ئۆکرانیا و ئەمریکا لە شاری ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات ئامادە بن، بەڵام بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا ناکەن.
بە گوتەی ئوشاکۆڤ، پەیوەندی و گفتوگۆکانی شاندی ئەوروپی لە ئەبوزەبی تەنیا لەگەڵ نوێنەرانی ئۆکرانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت و ناچنە ناو هۆڵی دانوستانە سەرەکییەکان لەگەڵ شاندی رووسیا.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکسی رووسی لە زاری دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن بڵاوی کردەوە، لە داهاتوودا بەشداریکردنی وڵاتانی ئەوروپا لە دانوستانەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا دەبێتە پێویستی، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە تاوەکو ئێستا هیچ گفتوگۆیەکی ورد و فەرمی سەبارەت بە چۆنیەتیی ئەو بەشداریپێکردنە ئەنجام نەدراوە.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان ڤلادیمێر پووتین و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە شاری سەنت پترسبۆرگ، رەزامەندیی سەرەتایی نیشاندرا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە سێقۆڵییەکان بە مەبەستی گەیشتن بە نەخشەڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و داڕشتنی سیستەمێکی ئەمنیی هاوبەش.