لە ئەمریکا نزیکەی 48 ملیۆن کەس بەشداریی دەنگدانی پێشوەختەیان کردووە

لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکادا ژمارەیەکی پێوانەیی مێژوویی تۆمار کرا و زیاتر لە 47.9 ملیۆن هاووڵاتی دەنگی پێشوەختەی خۆیان داوە. داتاکانیش دەریدەخەن کە رێژەی بەشداری لەو ویلایەتە یەکلاکەرەوانەی کێبڕکێ لەسەر کۆنترۆڵکردنی ئەنجوومەنی پیران دەکەن بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و تا ئێستا دەنگدەرانی پارتی دیموکرات بە رێژەی 44% لە پێش کۆمارییەکانەوەن.

بەپێی نوێترین ئامارەکانی "تاقیگەی هەڵبژاردن" لە زانکۆی فلۆریدا، تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی  30ـی تشرینی یەکەمی 2026، ژمارەی دەنگدەرانی پێشوەختە لە سەرانسەری ئەمریکا گەیشتووەتە 47 ملیۆن و 922 هەزار و 669 دەنگ. بەمەش ژمارەی پێوانەیی پێشووی هەڵبژاردنی 2022 شکێنرا کە تێیدا 45.9 ملیۆن دەنگ پێش رۆژی سەرەکیی هەڵبژاردن درابوو.

لەو ویلایەتانەی سەر بە کام لایەن بوونی دەنگدەران تۆمار دەکەن، دیموکراتەکان بە رێژەی 44%ـی بەشداربووان پێکدەهێنن، لە کاتێکدا دەنگدەرانی کۆماری 31% و بێلایەنەکانیش 25% بوون.

ئەمڕۆ هەینی دواین مۆڵەتە بۆ دەنگدانی پێشوەختەی راستەوخۆ لە هەردوو ویلایەتی چارەنووسسازی تێکساس و جۆرجیا.

تێکساس: بەشدارییەکی خەیاڵی بەخۆیەوە بینیوە و زیاتر لە 6.3 ملیۆن کەس دەنگیان داوە، کە ئەمەش بەراورد بە هەڵبژاردنی 2022 بە رێژەی 50% زیادی کردووە. لەم ویلایەتەدا کێبڕکێیەکی ئێجگار توند لە نێوان کین پاکستۆن کاندیدی کۆمارییەکان بە پاڵپشتیی دۆناڵد ترەمپ، و جەیمس تالاریکۆ لە پاتی دیموکرات بۆ کورسیی ئەنجوومەنی پیران بەڕێوە دەچێت.

جۆرجیا: زیاتر لە 2.5 ملیۆن کەس دەنگیان داوە 95%یان بە شێوەی راستەوخۆ بووە؛ لەم ویلایەتەشدا جۆن ئۆسۆفی سیناتۆری دیموکرات رووبەڕووی مایک کۆلینزی کۆماری دەبێتەوە.

کارۆلینای باکوور: دەنگدانی پێشوەختە بە رێژەی نزیکەی 37% لە چاو هەڵبژاردنی چوار ساڵ لەمەوبەر بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

کارۆلینای باشوور: هێشتا پێنج رۆژ مابوو بۆ کۆتاییهاتنی دەنگدانی پێشوەختە، کاتێک تێکڕای ژمارەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پێشووی تێپەڕاند.

کانزاس: ئەو ویلایەتەی کە سیناتۆری کۆماری رۆجەر مارشاڵ رووبەڕووی کێبڕکێیەکی سەخت بووەتەوە، دەنگدانی پێشوەختە بە ڕێژەی دوو لەسەر سێ لە پێش هەڵبژاردنی 2022ەوەیە.

ئەم هەڵبژاردنە وەک تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسساز بۆ دوو ساڵی یەکەمی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ لێکدەدرێتەوە. لە ئێستادا کۆمارییەکان زۆرینەی ئەنجوومەنی پیرانیان بە (53 بەرامبەر 47) کورسی لەدەستدایە و دیموکراتەکان هەوڵ دەدەن بە بردنەوەی ویلایەتە هەستیارەکانی وەک کارۆلینای باکوور، کارۆلینای باشوور، مەین، میشیگن، کانزاس، ئایۆوا و ئۆهایۆ، هاوسەنگیی هێز لە واشنتن بگۆڕن و زۆرینەی کۆنگرێس کۆنترۆڵ بکەنەوە.

لە رووداوێکی بێوێنەدا لە مێژووی کەنیسەی کاسۆلیکیدا، ڤاتیکان پشتڕاستی کردەوە کە "پاپا لیۆی چواردەهەم" (ڕۆبەرت فرانسیس پرێڤۆست) لە رێگەی پۆستەوە دەنگی خۆی لە ویلایەتی ئیلینۆی ئەمریکا داوە.

پاپا، کە لەدایکبووی شاری شیکاگۆیە و یەکەم پاپایە لە مێژوودا کە خاوەنی رەگەزنامەی ئەمریکی بێت، مافی دەنگدانی وەک هاووڵاتییەکی ئەمریکی لەم هەڵبژاردنەدا بەکارهێنا و بووە یەکەم پاپا لە مێژوودا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا بەشداری بکات.