سێنتکۆم: بانگەشەی ئێران بۆ تێکشکاندنی درۆنێکی دەریایی ئەمریکا دوورە لە راستی

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران سەبارەت بە تێکشکاندنی درۆنێکی دەریایی ئەمریکا بڵاوکرابوونەوە و رایگەیاند، سوپای پاسدارن وەکو هەمیشە بانگەشە و قسەکانیان ناڕاستن.

هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئەمڕۆ، سوپای پاسدارانی ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد، توانیویانە درۆنێکی دەریایی ئەمریکا لە گەرووی هورمز لەناوبەرن. سێنتکۆم جەخت دەکاتەوە ئەم دەنگۆیە نادروستە، و هاوشێوەی چەندان درۆی دیکەی سوپای پاسدارانە لەم هەفتەیەدا.

سێنتکۆم جەختیکردووەتەوە، سەرجەم درۆنە سەربازیی و درۆنە دەریاییەکانی سوپای ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەلامەتیدان و لەبەرچاون، لەوانەش پۆلێک درۆنی دەریایی پێشکەوتوو کە لە گەرووی هورمزدا لە ئەرکی پشکنیندان و پشتگیری لە پڕۆسەی بەرگریی سێنتکۆم دەکەن.

ئەم راگەیەندراوەی سێنتکۆم دوای ئەوە هات، سوپای پاسدارانی ئێران، وێنەی ساتەوەختەکانی بەئامانجگرتن و تێکشکاندنی درۆنێکی پێشکەوتووی ئەمریکی لە جۆرەکانی MQ-1 و MQ-9 لە ئاسمانی گەرووی هورمز بڵاوکردەوە. لەنێو وێنەکاندا، دیمەنی بەئامانجگرتن و تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی دیکەی MQ-1 لە بەرەبەیانی پێنجشەممەی رابردوو، 29ـی تشرینی یەکەم، لە رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز و بەرامبەر کەناراوەکانی سیریک دەبینرێت. ئەم درۆنانە لە گرنگترین فڕۆکەی هەواڵگری و سەربازیی دروستکراوی ئەمریکان.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، بە تێکشکاندنی فڕۆکەی MQ-1 لە بەرەبەیانی پێنجشەممەی رابردوو، ژمارەی ئەو درۆنە ئەمریکییانەی لەلایەن سیستمی نوێی بەرگریی پێشکەوتووی هێزی ئاسمانیی سوپا تێکشکێنراون، گەیشتووەتە 68 فڕۆکە. لەو ژمارەیە 54 فڕۆکەیان لە جۆری MQ-9 و 14 فڕۆکەی دیکەیان لە جۆری MQ-1 بوون.