کەنەدا دەبێتە یەکەمین ئەندامی هاوبەش لە یەکێتیی ئەوروپا

لە میانی 21ەمین لووتکەی کەنەدا و یەکێتیی ئەوروپا لە مۆنتریال، هەردوولا پێکهێنانی هاوپەیمانی بۆ داهاتوویان بە فەرمی راگەیاند؛ بەپێی رێککەوتنەکە کەنەدا دەبێتە یەکەمین وڵات لە دەرەوەی کیشوەرەکە کە پێگەی ئەندامی هاوبەش لە یەکێتیی ئەوروپا بەدەستبهێنێت، هاوکات زیاتر لە 20 رێکاری هاوبەش لە بوارەکانی بازرگانیی دیجیتاڵی، ئاسایشی بەرگری، کەرتی وزە و تەکنەلۆژیای زیرەک کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەینی 30ی تشرینی یەکەمی 2026، لە لووتکەی مۆنتریال لە هەرێمی کێبێک، مارک کێرنی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا میوانداریی هەریەک لە ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا و ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپای کرد. سەرکردەکان جەختیان لەوە کردەوە کە لە جیهانێکی پڕ لە ئاڵۆزی و جەمسەربەندیدا، سەروەریی نیشتمانی بە تەنیا بە دابینکردنی خۆراک و سووتەمەنی پارێزراو نابێت، بەڵکو دەستڕاگەیشتن بە تەکنۆلۆژیای ژیریی دەستکرد، سوپەرکۆمپیوتەر، پەیوەندییە ئاسمانییەکان، کانزا دەگمەنەکان و سیستەمی پارەدارکردنی سەربەخۆ، بوونەتە مەرجی سەرەکیی سەروەریی وڵاتان.

دیارترین بڕیاری لووتکەکە کارکردنە بۆ ئەوەی کەنەدا ببێتە یەکەمین وڵات لە مێژوودا کە پێگەی ئەندامی هاوبەش (Associate Member) لە یەکێتیی ئەوروپا وەربگرێت، کە قووڵترین ئاستی هاوبەشیی ستراتیژییە پێش ئەندامێتیی تەواو. بڕیاریشە لە مانگەکانی داهاتوودا چوارچێوەی یاسایی و کارگێڕیی ئەم پێگە نوێیە بە تەواوی دابڕێژرێت.

لەسەر ئاستی ئابووری، هەردوولا رێککەوتننامەی نوێی بازرگانیی دیجیتاڵییان واژۆ کرد، کە ئاسانکاریی بێوێنە بۆ فرۆشتنی ئۆنلاینی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان لە نێوان کەنەدا و ئەوروپادا دەڕەخسێنێت و بازاڕێکی نوێ بۆ نزیکەی 800 هەزار کارمەندی کەرتی تەکنۆلۆژیا لە کەنەدا دەکاتەوە. هاوکات رێککەوتن لەسەر چاودێریکردنی نرخەکان لە بازاڕدا کرا بۆ رێگریکردن لە قۆرخکاریی کۆمپانیا زەبەلاحەکان، لەگەڵ دەستپێکردنی ئامادەکاری بۆ بەستنەوەی سیستەمی حەواڵەی خێرا لە نێوان بانکەکانی کەنەدا و ئەوروپا بە کەمترین تێچوو.

لە بواری زانست و لێکۆڵینەوەدا، بڕیاردرا زانایان و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی کەنەدا دەستیان بە بەهێزترین سوپەرکۆمپیوتەری جیهان بە ناوی "JUPITER" لە ئەوروپا رابگات بە مەبەستی خێراکردنی داهێنان لە ژیریی دەستکرددا. هەروەها دانوستان دەستی پێ کرد تاوەکو خوێندکارانی کەنەدی بچنە نێو پرۆگرامی بەناوبانگی ئاڵوگۆڕی زانستیی ئەوروپی "ئێراسمۆس پڵەس" بۆ کارکردن و خوێندن لە زانکۆکانی ئەوروپا.

لەسەر ئاستی بەرگری و ژێرخانی سەربازی، کەنەدا لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی ئاسایشی ئەوروپا بە گرێبەستێکی 44 ملیۆن دۆلاری کڵاوی سەربازی بۆ سوپای لاتڤیا دابین دەکات. هەروەها بڕیاری دابینکردنی 2.5 ملیار دۆلار درا بۆ کۆمپانیای دی هاڤیلاند لە کەنەدا بە مەبەستی زیادکردنی بەرهەمهێنانی فڕۆکە تایبەتەکانی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان، کە یارمەتیدەر دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی کارەساتە ژینگەییەکان لە هەردوو دیوی زەریای ئەتڵەسیدا.

کەنەدا و ئەوروپا رێککەوتن لەسەر دابینکردنی وەبەرهێنانی بانکی ئەوروپی بۆ پرۆژەکانی دەرهێنانی کانزا دەگمەنەکان لە خاکی کەنەدا کە پێداویستیی سەرەکین بۆ کەرتی بەرگری و گواستنەوەی وزە. هەروەها بڕیاردرا کەنەدا بەشداری لە سیستەمی مانگی دەستکردی پێشکەوتووی (IRIS²) و پرۆگرامی کەشتیوانیی (گالیلیۆ)ی ئەوروپیدا بکات، هاوشان لەگەڵ لێکۆڵینەوە بۆ راکێشانی کێبڵێکی نوێی ژێردەریایی داتا لە نێوان ئەوروپا و کەنەدا و فراوانکردنی هەناردەکردنی گازی شلی کەنەدی (LNG) بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی وزە لە بازاڕەکانی ئەوروپادا.