کەشناسیی هەرێم: رەوشی دابارینی ئەمساڵ لە سەرووی تێکڕای خۆی دەبێت

"وەرزی دابارینی ئەمساڵ زووتر لە ساڵی رابردوو دەستیپێکردووە"

بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، وێڕای هەڵسەنگاندنی وەرزی دابارینی ئەمساڵ بە "باش و دڵخۆشکەر"، بەراوردێکی لەگەڵ ساڵی رابردوودا خستەڕوو و رایگەیاند: سەرەڕای ئەوەی ساڵی رابردوو بەهۆی بارانبارینی یەکجار زۆرەوە ساڵێکی نائاسایی بوو، بەڵام بۆ ئەمساڵیش رێژەی دابارین لە ئاستێکی زۆر باشدا دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە سەرووی تێکڕای خۆی بێت.

هەینی، 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، پێشبینییە کەشناسییەکانی تایبەت بە وەرزی دابارینی ئەمساڵی خستەڕوو.

بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی رایگەیاند: لە ئەنجامی ئەو پێشبینی و داتایانەی کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە دەخرێنە بەردەست، پێشبینی دەکەین ئەمساڵ رەوشی دابارین لە سەرووی تێکڕای خۆی بێت؛ مەبەست لە سەرووی تێکڕاش ئەوەیە کە بەراورد بە تێکڕای تۆمارکراوی 30 ساڵی رابردوو، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بڕی بارانبارین باشتر بێت.

سەبارەت بە بەراوردکردنی ئەم وەرزە لەگەڵ ساڵی رابردوودا، فازڵ ئیبراهیم روونی کردەوە، ساڵی رابردوو وەرزی بارانبارین لە 15ـی تشرینی دووەمەوە (15ـی 11) دەستیپێکرد، بەڵام ئەمساڵ وەرزی دابارین پێشکەوتووە و هەر لە مانگی تشرینی یەکەمەوە (مانگی 10) بە بڕی جیاواز لە ناوچەکان دەستیپێکردووە؛ هەر بۆیە پێشبینی دەکەین رێژەی دابارینی ئەمساڵ زۆر باش بێت، بەڵام بەراورد بە پارساڵ نا، چونکە ساڵی رابردوو ساڵێکی نائاسایی بوو و رێژەی دابارین تێیدا لە ئاستێکی یەکجار بەرزدا بوو.

بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی مۆدێلە زانستییەکان، چاوەڕوان دەکرێت رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ بەراورد بە تێکڕای خۆی لە ئاستێکی باشتر بێت.

هەروەها بە پێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان بۆ رەوشی کەشوهەوای سبەی شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026،  ئاسمان لە نێوان پەڵەهەور و نیمچە هەور دەبێت، ئەگەری بارینی کەمێک نمەباران هەیە لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و دەوربەری.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سبەی پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبێت بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر: 27 پلەی سیلیزی.

سلێمانی: 26 پلەی سیلیزی.

دهۆک: 25 پلەی سیلیزی.

هەڵەبجە: 27 پلەی سیلیزی.

سۆران: 21 پلەی سیلیزی.

پیرمام: 23 پلەی سیلیزی.

چەمچەماڵ: 27 پلەی سیلیزی.

زاخۆ: 26 پلەی سیلیزی.

گەرمیان: 32 پلەی سیلیزی.

حاجی ئۆمەران: 16 پلەی سیلیزی.