پۆلیسی دهۆک: لە سەر رووداوەکەی گەڕەکی 'KRO' حەوت کەس دەستگیر کران
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک رایگەیاند، ئەمشەو لە گەڕەکی (KRO) شەڕ و پێکدادان لە نێوان کرێکارانی چێشتخانەیەک و شۆفێرانی گەیاندنی خواردندا (دیلیڤەری) روویداوە و بەهۆیەوە دوو کەس بە سووکی بریندار بوون؛ هاوکات بە بڕیاری دادوەر حەوت تۆمەتبار لە هەردوولا دەستگیر کران.
پۆلیسی پارێزگای دهۆک لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەمشەو هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە گەڕەکی (KRO)ـی شاری دهۆک، بەهۆی دەمەقاڵێوە شەڕ لە نێوان ژمارەیەک لە کرێکارانی چێشتخانەیەک و شۆفێرانی گەیاندنی خواردندا دروست بووە، لە ئەنجامدا دوو کەس بریندار بوون کە برینەکانیان سووکە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە دەستبەجێ دوای رووداوەکە، پۆلیسی دهۆک گەیشتنە شوێنی مەبەست و لە لایەن ئەفسەر و کارمەندانی بنکەی پۆلیسی داسنیاوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کرایەوە.
پۆلیسی دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 413 لە یاسای سزادانی عێراقی، حەوت کەس لە هەردوولای شەڕەکە دەستبەسەر کران.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ئێستا دۆخەکە لە لایەن هێزەکانی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانەوە بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە و ئارامی بۆ شوێنی رووداوەکە گەڕاوەتەوە.