گوهدار شێخۆ: کوردستان24 پڕۆژەکانی حکوومەت بە جیهان دەناسێنێت
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پەیامێکدا بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنییەوە، پیرۆزبایی لە کوردستان24 کرد و رایگەیاند، ئەو دامەزراوەیە تاکە دەنگی کاریگەرە و رووی راستەقینەی پڕۆژەکانی حکوومەت بە جیهان دەناسێنێت.
ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ساڵیادی دامەزراندنی کوردستان24 لە هەموو کارمەندانی دەزگاکە پیرۆز کرد و رایگەیاند، ئەم کەناڵە بە دیدگایەکی بەرپرسیارانە کار دەکات.
گوهدار شێخۆ ئاماژەی بەوە دا، کوردستان24 تاکە دەنگی کاریگەرە رووی راستەقینەی کار و پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەت بە هەموو جیهان دەناسێنێت و بەردەوام لە سەنگەری پێشەوەی رووماڵکردنی دەستکەوت و هەنگاوەکانی ئاوەدانکردنەوەدا ئامادەیە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی دامەزراوەکە دەکات نووسینگە و کارەکانیان لە ناوچەکەیان زیاتر فراوان بکەن و گرنگیی قووڵتر بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بدەن.
ئەوەشی خستەڕوو، ئامانج لەم داواکارییە ئەوەیە کوردستان24 هاوشانی ئەو کاروانە فراوانەی لە دەڤەرەکەدا بەڕێوەدەچێت، وەک گەواهیدەری زیندووی گۆڕانکارییەکان بمێنێتەوە و رەنگدانەوەی راستییەکان بۆ هاووڵاتییان لە پێشینەی کارەکانیدا بێت.
ئەمڕۆ شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، دامەزراوەی کوردستان 24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن 11ـەمین ساڵڕۆژی دەستپێکردنی پەخشی خۆی دەگێڕێت. لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا ئەم دامەزراوەیە لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستی و راگەیاندنی پیشەگەرانە کاری کردووە و بووەتە پردێکی متمانەپێکراوی نێوان کوردستان و جیهان.
کوردستان 24 هەمیشە هەوڵی داوە ئاوەدانی و هیوای خەڵکی کوردستان دەربخات و پێداگری لەسەر پاراستنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و ئارامیی دەروونیی کۆمەڵگە کردووە. لە دەستپێکی 12ـەمین ساڵی تەمەنیدا، دامەزراوەکە وەبەرهێنانی زیاتر لە توانای رۆژنامەنووسانی گەنج دەکات بۆ گواستنەوەی رووداوەکان.