سەرۆکی لقی کەرکووکی سەندیکای رۆژنامەنووسان پیرۆزبایی ساڵیادی کوردستان24 دەکات
ئەمڕۆ بە بۆنەی 11هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کوردستان24، ژمارەیەک لە کاربەدەستان و رێکخراوەکان پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی ستافی کەناڵەکە کرد.
ئەمرۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەروان ئیبراهیم عانی، سەرۆکی لقی کەرکووکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق، بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەری گشتیی کوردستان24 و ستافی کەناڵەکە و پەیامنێرانیان لە کەرکووک کرد.
عانی جەختیکردەوە، سەندیکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن و هاوکاریکردنی رۆژنامەنووسان تا بتوانن ئەرک و کاری پیشەییانەی خۆیان بە باشترین شێوە جێبەجێ بکەن.
هاوکات عانی دووپاتیکردەوە، سەندیکا گرنگی بە بەهێزکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی دەدات بە ئامانجی خزمەتکردنی رۆژنامەنووسان و رێکخستنی کارەکانیان.
دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن، 11 ساڵ لەمەوبەر و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی دژ بە داعش دەستی بە پەخش کرد و بە زمانی کوردی و پێنج زمانی زیندووی جیهانی، بووە سەکۆیەکی نیشتمانی بۆ داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و برەودان بە کولتووری پێکەوەژیان.
هەروا لە پێنانە نێو 12هەمین ساڵی کارکردنیدا، دامەزراوەکە پێداگری لەسەر چەند بنەمایەکی نەگۆڕ دەکاتەوە؛ لەوانە پێشخستنی ڕاستیی هەواڵ بەسەر خێراییدا، پاراستنی شکۆی مرۆڤ و تایبەتمەندیی خێزان لەبری ورووژاندن، بەخشینی ئومێد و پاراستنی ئارامیی دەروونیی کۆمەڵگە، لەگەڵ مامەڵەیەکی هۆشیارانە لەگەڵ ژیریی دەستکرد بۆ رێگری لە چەواشەکاری. هاوکات لەسەر ئەم بنەمایانە، هەنگاو بەرەو قۆناغێکی نوێی پەرەپێدانی دیجیتاڵی و وەبەرهێنان لە توانای رۆژنامەنووسانی گەنجدا دەنێت بێ سازشکردن لەسەر بەها نیشتمانی و پیشەییەکان.