وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: کوردستان24 دەزگایەکی میدیایی راستگۆ و پیشەییە
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندن لە کوردستان24 دەکات و دەڵێت، "دەزگایەکی میدیایی ئازاد، پیشەیی و راستگۆیە".
ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، حوسێن ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، بەبۆنەی 11ـەمین ساڵیادی دامەزراندنییەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی و کارمەندانی دامەزراوەی کوردستان24 کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی، "کوردستان24، دەزگایەکی میدیایی ئازاد، پیشەیی و راستگۆیە و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ دەخوازین".
گوتەبێژەکەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق هیوای خواست، کوردستان24 و هەموو دەزگاکانی دیکەی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هەمیشە لە کارەکانیاندا راستگۆ بن و رووداوەکان وەک خۆی بگوازنەوە و رەچاوی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بکەن.
ئەمڕۆ شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، دامەزراوەی کوردستان 24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن 11ـەمین ساڵڕۆژی دەستپێکردنی پەخشی خۆی دەگێڕێت. لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا ئەم دامەزراوەیە لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستی و راگەیاندنی پیشەگەرانە کاری کردووە و بووەتە پردێکی متمانەپێکراوی نێوان کوردستان و جیهان.
کوردستان 24 هەمیشە هەوڵی داوە ئاوەدانی و هیوای خەڵکی کوردستان دەربخات و پێداگری لەسەر پاراستنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و ئارامیی دەروونیی کۆمەڵگە کردووە. لە دەستپێکی 12ـەمین ساڵی تەمەنیدا، دامەزراوەکە وەبەرهێنانی زیاتر لە توانای رۆژنامەنووسانی گەنج دەکات بۆ گواستنەوەی رووداوەکان.