سەباح نوعمان: کوردستان24 رۆڵێکی کارا لە بەدواداچوونی مەیدانیی رووداوەکاندا دەگێڕێت
گوتەبێژی فەرمیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەبۆنەی 11ـەمین ساڵیادی دامەزراندنییەوە پیرۆزبایی لە کوردستان24 دەکات و داوا لە هەموو دەزگا میدیاییەکان دەکات، ببنە هاوبەشی راستەقینەی هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری.
ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرمیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە پەیامێکدا گوتی "جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی و ستافی دامەزراوەی کوردستان24 دەکەم و رۆڵی کارای کەناڵەکە لە رووماڵکردنی هەواڵ و بەدواداچوونی مەیدانیی رووداوەکاندا بەرز دەنرخێنم".
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوە دا، راگەیاندن هاوبەشی سەرەکیی هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکانە لە بونیادنانی سەقامگیریدا. داواشی لە دەزگا میدیاییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد، بەردەوام بن لە وردبینی و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی و پاراستنی سەروەریی عێراق.
گوتەبێژی فەرمیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئەوەی خستەڕوو، گرنگە هەواڵ و زانیارییە سەربازی و ئەمنییەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگیرێن، بۆ ئەوەی دەرفەت بەو پلاتفۆرمە چەواشەکارانە نەدرێت هەوڵی دروستکردنی دڵەڕاوکێ دەدەن، بەتایبەتی لە ناوچە فرەپێکهاتەکاندا.
لەکۆتاییدا باسی لەوە کرد، ئەو قۆناخەی پێشکەوتنەی عێراق و هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، پێویستی بە دەرخستنی هەوڵەکانی گەشەپێدان و سەقامگیریی ئابووری هەیە، هەروەها نیشاندانی هێزی دەزگا ئەمنییەکان لە پاراستنی خاک و ئاسمانی وڵاتدا.
ئەمڕۆ شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، دامەزراوەی کوردستان 24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن 11ـەمین ساڵڕۆژی دەستپێکردنی پەخشی خۆی دەگێڕێت. لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا ئەم دامەزراوەیە لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستی و راگەیاندنی پیشەگەرانە کاری کردووە و بووەتە پردێکی متمانەپێکراوی نێوان کوردستان و جیهان.
کوردستان 24 هەمیشە هەوڵی داوە ئاوەدانی و هیوای خەڵکی کوردستان دەربخات و پێداگری لەسەر پاراستنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و ئارامیی دەروونیی کۆمەڵگە کردووە. لە دەستپێکی 12ـەمین ساڵی تەمەنیدا، دامەزراوەکە وەبەرهێنانی زیاتر لە توانای رۆژنامەنووسانی گەنج دەکات بۆ گواستنەوەی رووداوەکان.