گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ساڵیادی دامەزراندنی کوردستان24 پیرۆز دەکات

بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانیی کوردستان24، دکتۆر دانەر عەبدولغەفار عەزیز، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی و سەرجەم ستافی کەناڵەکە دەکات و هیوای سەرکەوتن و درەوشانەوەی بەردەوامیان بۆ دەخوازێت.

ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە پەیامەکەی دانەر عەبدولغەفاردا هاتووە، کوردستان24 لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا بووەتە مینبەرێکی دیاری راگەیاندن بۆ گواستنەوەی هەواڵ و رووداوە کوردستانی، عێراقی و جیهانییەکان بە شێوازێکی پیشەیی و راستگۆیانە.

دانەر عەبدولغەفار روونیکردەوە، کەناڵەکە رۆڵێکی نیشتمانی و پیشەیی بەرچاوی لە رووماڵکردنی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و نیشاندانی قوربانیدان و داستانەکانی پێشمەرگە قارەمانەکان و گەیاندنی دەنگی ئەوان بە جیهان بینیوە.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەم بۆنەیەدا، هەوڵ و ماندووبوونی هەموو کارمەندان و تیمەکانی کەناڵەکە بەرز دەنرخێنێت، کە بەشدارییان لە بنیاتنان و پەرەپێدانی ئەم ئەزموونە راگەیاندنییە سەرکەوتووەدا کردووە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ ستافی کوردستان24 لە خزمەتکردنی راستی و گەیاندنی دەنگی هاووڵاتییانی کوردستان بە جیهان خواستووە.

دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن، 11 ساڵ لەمەوبەر و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی دژ بە داعش دەستی بە پەخش کرد و بە زمانی کوردی و پێنج زمانی زیندووی جیهانی، بووە سەکۆیەکی نیشتمانی بۆ داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و برەودان بە کولتووری پێکەوەژیان.

هەروا لە پێنانە نێو 12هەمین ساڵی کارکردنیدا، دامەزراوەکە پێداگری لەسەر چەند بنەمایەکی نەگۆڕ دەکاتەوە؛ لەوانە پێشخستنی ڕاستیی هەواڵ بەسەر خێراییدا، پاراستنی شکۆی مرۆڤ و تایبەتمەندیی خێزان لەبری ورووژاندن، بەخشینی ئومێد و پاراستنی ئارامیی دەروونیی کۆمەڵگە، لەگەڵ مامەڵەیەکی هۆشیارانە لەگەڵ ژیریی دەستکرد بۆ رێگری لە چەواشەکاری. هاوکات لەسەر ئەم بنەمایانە، هەنگاو بەرەو قۆناغێکی نوێی پەرەپێدانی دیجیتاڵی و وەبەرهێنان لە توانای رۆژنامەنووسانی گەنجدا دەنێت بێ سازشکردن لەسەر بەها نیشتمانی و پیشەییەکان.