رێباز حەملان پیرۆزبایی 11 ساڵەی دامەزراندنی کوردستان24 دەکات
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەگشتییەکانی عێراق، بە بۆنەی 11ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کوردستان24، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەر و کارمەندانی ئەم دەزگایە کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، رێباز حەملان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەگشتییەکانی عێراق لە پەیامەکەیدا، هیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی زیاتری بۆ ستافی کوردستان24 خواستووە.
رێباز حەملان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق جەختیکردەوە، ئەو دەزگایە لە ماوەی تەمەنی کاری میدیاییدا توانیویەتی وەک سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو، بە شێوەیەکی پیشەییانە رۆڵێکی کاریگەر لە گواستنەوەی خێرا و وردی رووداوەکانی کوردستان، ناوچەکە و جیهاندا ببینێت.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە روونیکردەوە، کوردستان24 لە رووماڵی رووداوەکانی عێراق، کوردستان و جیهاندا رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە و کاری ناوازەی پێشکەشکردووە. لە کۆتایی پەیامەکەیدا، هیوای بەردەوامی و پێشکەوتنی زیاتری بۆ خواستووە و چاوەڕوانیی خۆی بۆ بەدیهێنانی کاری مەزنتر و داهێنانی زیاتر لە داهاتوودا دەربڕیوە.