باوکی رۆحیی ئێزدییەکان رۆڵی کوردستان24 لە پێکەوەژیاندا بەرز دەنرخێنێت

بابە شێخ، باوکی رۆحیی ئایینی ئێزدی، بە بۆنەی یانزەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی کوردستان24 پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەرایەتی و سەرجەم کارمەندانی ئەم کەناڵە دەکات و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت.

ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، بابە شێخ عەلی ئلیاس رۆڵی کوردستان24 لە رووماڵکردنی مەراسیم و بۆنە ئایینییەکانی ئێزدیان بەرز دەنرخێنێت. ئەو جەختدەکاتەوە سەر بایەخدانی کەناڵەکە بە کولتوور و کەلەپوور و دابونەریت و خستنەڕووی کێشەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی، کە ئەمەش کاریگەریی لە ناساندنی ئەم کۆمەڵگە رەسەنە و گواستنەوەی کولتوورەکەی بۆ ناوچەکانی جیهان هەبووە.

شێخ عەلی ئلیاس بایەخدانی کەناڵەکە بە کێشەی سەرجەم پێکهاتەکان بەرز دەنرخێنێت. ئەو پێیوایە کوردستان24 بووەتە سەکۆیەکی میدیایی کە رەنگدانەوەی فرەیی ئایینی و کولتووری و نەتەوەیی هەرێمی کوردستانە و بەشداریی لە بەهێزکردنی بەهاکانی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و برایەتیی نێوان پێکهاتەکان دەکات.

لە کۆتاییدا، بابە شێخ هیوای بەردەوامیی دەستکەوت بۆ کوردستان24 دەخوازێت، تا پەیامە میدیایی و مرۆییەکەی لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە و گەیاندنی راستییەکان بەردەوام بێت.