سەرۆک و جێگری شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ستایشی رۆڵی کارای کوردستان24 دەکەن
سەرۆک و جێگری شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنییەوە پیرۆزباییان ئاراستەی کوردستان24 کرد و رایانگەیاند، ئەو کەناڵە رۆڵێکی کارا و پیشەیی لە گواستنەوەی راستییەکاندا هەیە.
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە پەیامێکدا، بەبۆنەی 11ـەمین ساڵیادی دامەزراندنیی کوردستان24ـەوە رایگەیاند، "جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی و سەرجەم کارمەندانی کوردستان24 لە رۆژنامەنووسان، تەکنیکاران و کارگێڕان دەکەم".
سەعد مەعن گوتی، "رۆڵی کارا و پیشەییانەی کوردستان24 لە گەیاندنی وشەی راستگۆیانە و گواستنەوەی راستییەکاندا بەرز دەنرخێنین". ئەوەشی خستەڕوو، "هیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنی بەردەوام بۆ کەناڵەکە دەخوازم بۆ درێژەدان بە پەیامە میدیاییەکەیان لەپێناو خزمەتکردنی کۆمەڵگە".
لەلایەکی دیکەوە تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری لە وەزارەتی بەرگریی عێراق و جێگری سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کوردستان 24 کرد.
تەحسین خەفاجی باسی لەوە کرد، "بە هەستێکی پڕ لە خۆشەویستی و پێزانینەوە جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ستافی کوردستان24 دەکەم".
جێگری سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی ستایشی رۆڵی کوردستان24ـی کرد و رایگەیاند، "هەوڵی ناوازە و بەردەوامیان لە گواستنەوەی راستییەکان بەوپەڕی پیشەیی و بێلایەنییەوە بەرز دەنرخێنین، هەروەها هیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن لە کاری میدیایی و پاڵپشتیکردنی رەوتی کاری رۆژنامەوانیی پیشەییانە".
ئەمڕۆ شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، دامەزراوەی کوردستان 24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن 11ـەمین ساڵڕۆژی دەستپێکردنی پەخشی خۆی دەگێڕێت. لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا ئەم دامەزراوەیە لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستی و راگەیاندنی پیشەگەرانە کاری کردووە و بووەتە پردێکی متمانەپێکراوی نێوان کوردستان و جیهان.
کوردستان 24 هەمیشە هەوڵی داوە ئاوەدانی و هیوای خەڵکی کوردستان دەربخات و پێداگری لەسەر پاراستنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و ئارامیی دەروونیی کۆمەڵگە کردووە. لە دەستپێکی 12ـەمین ساڵی تەمەنیدا، دامەزراوەکە وەبەرهێنانی زیاتر لە توانای رۆژنامەنووسانی گەنج دەکات بۆ گواستنەوەی رووداوەکان.