بە تەمەنترین وەرزشوانی جیهان بەردەوامە لە رکابەری کردن

تۆشیسوکی کانازاوا
تۆشیسوکی کانازاوا

لە تەمەنی 90 ساڵیدا کاتێک زۆربەی هاوتەمەن و هاوڕێکانی بیر لە پشوودان دەکەنەوە، ماسولکەکانی لە ژێر ڕوناکیدا دەچەمێنێتەوە، جەستەی بە سپرا ڕەنگ کراوە. تۆشیسوکی کانازاوا یاریزانی ژاپۆنی تەمەن 90 ساڵ، کاتێک لەسەر شانۆ دەرکەوت جیهانی لەشجوانی شۆک کرد.

کانازاوا بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی جیهانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی لەشجوانی گەشتی کردبووە کەناراوەکانی کۆستا دێل مارێسمی. لە بەشی ماستەرز کە تایبەتە بە وەرزشوانانی سەروو 50 ساڵ، بەرامبەر ڕکابەرەکانی کە هەندێکیان دەیان ساڵ لە خۆی بچووکتر بوون بەشداری کردووە. وەک گەنجەکان خۆی ئامادە دەکرد و لەشی گەرم دەکردەوە، لەگەڵ تیمەکەیدا ڕاهێنانی سوکی دەکرد و ڕەنگی سپرای ڕەنگی ڕەشی دەکرد. هەرچەندە لەسەر پۆدیۆم نەوەستا و تەنها میدالیای وەرگرت، بەڵام بە پێکەنینەوە مەدالیای خۆی بەرزکردەوە و چەند قسەیەکی ئیلهامبەخشی کرد و گووتی "پێمخۆشە ئەو شتانە تاقیبکەمەوە کە کەسی دیکە نەیکردووە و زیاتر لە هەموو شتێک دەمەوێت تا کۆتایی ژیانم بەردەوام بم لە لەشجوانی".

 

چیرۆکی ژیانی دەتوانێت فیلمێکی گەورەی لێ بەرهەم بهێندرێت. کانازاوا لە ساڵی 1936 لەدایک بووە و لە قۆناغی ئامادەیی مەلەوانێکی بەتوانای 1500 مەتری سەربەست بووە و خەونی بە ئۆڵۆمپیادەوە بینیوە، بەڵام پێکانێکی ماسولکەیی ئەو خەونەی لێسەندەوە. لە تەمەنی 20 ساڵیدا ڕووی لە لەشجوانی کردووە و بۆ ماوەی پێنج ساڵ ڕۆژانە شەش کاتژمێر ڕاهێنانی کردووە. ئەنجامەکانی سەرسوڕهێنەر بوون، لە تەمەنی 24 ساڵیدا بوو بە پاڵەوانی ماستەری ژاپۆن و دوای سێ ساڵ، نازناوەکەی دووبارە کردەوە.

 

لوتکەی بەناوبانگی جیهانی لە ساڵی 1967 بوو، کاتێک لە پێشبڕکێی ماستەر لە شاری مۆنتریال لە کەنەدا شانبەشانی ئارنۆڵد شوارزی گەنج و سێرجیۆ ئۆلیڤای ئەفسانەیی بەشداری کرد و پلەی چوارەمی بەدەستهێنا. دواتر لە تەمەنی 34 ساڵیدا وازهێنانی راگەیاند، بەڵام چارەنووس پشتی لێکرد و لە تەمەنی 50 ساڵیدا دوای ئەوەی ژنەکەی بە سەختی نەخۆش کەوت، جارێکی تر دەستی بە ڕاهێنان کرد بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە هیچ شتێک مەحاڵ نییە و هانی بدات.

دوای ماوەیەک کانازاوا ژنەکەی گیانی لەدەستدا، بەڵام ئەو هەر بەردەوام بوو و دوای حەوت ساڵ و لە تەمەنی 57 ساڵیدا توانی نازناوی ماستەرز بەدەستبهێنێت و لەو کاتەوەش هەر بەردەوامە. لە دوای تەمەنی 80 ساڵیشەوە شەش نازناوی جیهانی ماستەرزی بەدەستهێناوە.

کانازاوا تەنها یەک ڕۆژ دوای ئاهەنگی 90  ساڵەی لەدایکبوونی لە یارییەکانی ماستەرزی ژاپۆن لە قۆناغی سەرووی 85 ساڵیدا لەگەڵ حەوت ڕکابەری دیکەی ڕکابەری کرد و توانی نۆزدەهەمین نازناوی نیشتمانی بەدەستبهێنێت، کە 17 نازناوی ماستەرز و دوو نازناوی ژاپۆنی لەخۆدەگرێت.

 

جگە لە ڕاهێنانە خۆراکییە تایبەتەکانی خۆی، کانازاوا جگەرە ناکێشێت و کحول ناخواتەوە، هەروەها لە تەمەنی 50 ساڵییەوە وازی لە گۆشت و ماسی هێناوە، خۆراکی ئەو هەمان ژەمە کلاسیکی ژاپۆنییە کە لە تەمەنی 50 ساڵییەوە نەگۆڕاوە ئەویش بریتیە لە برنجی قاوەیی، ناتۆ (سۆیای چەورکراو) و شۆربای میسۆ، لەگەڵ کەمێک فوریکاک بۆ تامکردنی برنجەکە و سێ شەیک پرۆتینی لە ڕۆژێکدا. دەڵێت لە تەمەنی نەوەدەکاندا بەبێ یەک نەخۆشی سەخت ژیاوە، لە دوایین پشکنینیشدا لە گەنجێک دەچوو.