وەبەرهێنەرانی دهۆک: کوردستان24 دەنگی راستەقینەی کوردستانە
لقی دهۆکی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان لە یادی 11 ساڵەی دامەزراندنیدا پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کوردستان24 کرد و رۆڵی دەزگاکەی لە پاڵپشتیکردنی کەرتی ئابووری و وەبەرهێناندا بەرز نرخاند.
لە پەیامێکدا بۆ یادی دامەزراندنی کوردستان24، دەرار زێباری، سەرۆکی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان لقی دهۆک، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەران و رۆژنامەنووسان و میدیاکاران و ستافی تەکنیکی دەزگاکە کرد.
لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، کوردستان24 لە تەمەنی پڕ دەستکەوتی خۆیدا توانیویەتی بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و پیشەییانە و راستگۆیانە ببێتە پردێکی بەهێز لە بوارە جیاوازەکاندا.
زێباری باسی لەوە کرد، کوردستان24 رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پاڵپشتیکردنی کەرتی ئابووری و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان. هەروەها وەک دەنگێکی راستەقینە توانیویەتی پەیامەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بگەیەنێت.
لە کۆتایی پەیامەکەدا سەرۆکی لقی دهۆکی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان گوتی، "هیوادارین ئەم ساڵیادە ببێتە هەوێنی سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوام بۆ ئەوەی کوردستان24 هەمیشە پێشەنگ بێت لە گەیاندنی پەیامی راستی و ئاوەدانیدا."
دەزگای کوردستان 24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە 31ـی ئۆکتۆبەری 2015 لە شاری هەولێر دامەزراوە و لە کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی و رادیۆ و ماڵپەڕێکی دیجیتاڵی پێکدێت. دەزگاکە بە پێنج زمانی جیاواز هەواڵ و زانیارییەکان دەگوازێتەوە و ئامانجی گەیاندنی دەنگی کوردستانە بە جیهان.
ئەمڕۆ کە کوردستان24 کە ساڵڕۆژی دەستپێکردنی پەخشی خۆی دەگێڕێت؛ لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستی و راگەیاندنی پیشەگەرانە کاری کردووە و بووەتە پردێکی متمانەپێکراوی نێوان کوردستان و جیهان.
کوردستان 24 هەمیشە هەوڵی داوە ئاوەدانی و هیوای خەڵکی کوردستان دەربخات و پێداگری لەسەر پاراستنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و ئارامیی دەروونیی کۆمەڵگە کردووە. لە دەستپێکی 12ـەمین ساڵی تەمەنیدا، دامەزراوەکە وەبەرهێنانی زیاتر لە توانای رۆژنامەنووسانی گەنج دەکات بۆ گواستنەوەی رووداوەکان.