وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان: کوردستان24 بووەتە ناوەندی یەکخستنی گوتاری کوردی
بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنیدا پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کوردستان24 کرد و رۆڵی دەزگاکەی لە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە و یەکخستنی گوتاری کوردیدا بەرز نرخاند.
ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە پەیامێکدا بۆ یادی 11 ساڵەی دەستپێکردنی پەخشی کوردستان24، ئاریان سەلاحەددین، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی و رۆژنامەنووسان و کارمەندان و بینەرانی دەزگاکە کرد.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوە دا، کوردستان24 لە دۆخێکدا دەستی بە پەخش کرد کە هەرێمی کوردستان لە قۆناخی شەڕی دژ بە تیرۆردا بوو.
ئاریان سەلاحەددین باسی لەوە کرد، ئەو دەزگایە وەک کەناڵێکی نیشتمانی رۆڵێکی گرنگی گێڕا لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە و رووماڵکردنی سەرکەوتنەکانیان بە رابەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی و پڕۆسەی رزگارکردنی شنگال و تێکشکاندنی داعش. هەروەها گوتی، کوردستان24 کۆدەنگیی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە دەرەکییەکان دروستکرد.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری رایگەیاند، دەزگاکە لە ناوخۆدا بەردەوام وەک ناوەندێکی گرنگی یەکخستنی گوتاری کوردی و پەرەپێدانی کولتووری پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی سیاسی کاری کردووە و بووەتە دەنگ و رەنگی هەموو کوردستانییەک لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا.
لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتنی زیاتر و گەشەی بەردەوامی بۆ کوردستان24 خواست بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لەسەر رێبازی نیشتمانپەروەری و خزمەتکردن.
دەزگای کوردستان 24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە 31ـی ئۆکتۆبەری 2015 لە شاری هەولێر دامەزراوە و لە کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی و رادیۆ و ماڵپەڕێکی دیجیتاڵی پێکدێت. دەزگاکە بە پێنج زمانی جیاواز هەواڵ و زانیارییەکان دەگوازێتەوە و ئامانجی گەیاندنی دەنگی کوردستانە بە جیهان.
ئەمڕۆ کە کوردستان24 کە ساڵڕۆژی دەستپێکردنی پەخشی خۆی دەگێڕێت؛ لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستی و راگەیاندنی پیشەگەرانە کاری کردووە و بووەتە پردێکی متمانەپێکراوی نێوان کوردستان و جیهان.
کوردستان 24 هەمیشە هەوڵی داوە ئاوەدانی و هیوای خەڵکی کوردستان دەربخات و پێداگری لەسەر پاراستنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و ئارامیی دەروونیی کۆمەڵگە کردووە. لە دەستپێکی 12ـەمین ساڵی تەمەنیدا، دامەزراوەکە وەبەرهێنانی زیاتر لە توانای رۆژنامەنووسانی گەنج دەکات بۆ گواستنەوەی رووداوەکان.