وەزارەتی دارایی دەنگۆی بڕینی مووچەی خانەنشینان رەتدەکاتەوە

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

دوای ئەوەی پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەنگۆیەکی بڵاوکردەوە، گوایە 3%ـی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گلدەدرێتەوە و نادرێتە مووچەخۆران، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە رێگەی کوردستان24ـەوە وەڵامی ئەو پەرلەمانتارە دەداتەوە و دەڵێت، پەرلەمانتارەکە ئاگاداری وردەکاریی گفتوگۆکان و یاسای خانەنشینیی نوێی عێراق نییە و ئەگەر ئاگادار بووایە وای نەدەگوت.

سەرچاوە باڵاکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، دوای دەرکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە نۆی ساڵی 2014، گۆڕانکاری لە رێژەی گلدانەوەی پارەی فەرمانبەران بۆ خانەنشینی کراوە. ئێستا بەپێی یاسا نوێیەکە هەر فەرمانبەرێک مانگانە 25%ـی مووچەکەی بۆ خانەنشینی گلدەدرێتەوە، کە 15%ـی لەلایەن حکوومەتەوە تەرخان دەکرێت و 10%ـیش لە مووچەی فەرمانبەر دەبڕدرێت.

سەرچاوەکە باسی لەوە کرد، پێش ئەم یاسا نوێیە هەرێمی کوردستان یاسای کۆنی خانەنشینیی پەیڕەو دەکرد و رێژەکە 19% بوو، لەو رێژەیە حکوومەت 12%ـی دابین دەکرد و 7%ـیش لە مووچەی فەرمانبەرەوە دەبڕدرا؛ بەڵام ساڵی رابردوو لە کاتی دانوستان و رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لە هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتی دارایی هەولێر و بەغدا بە سەرپەرشتی تەیف سامی رێککەوتن، هەمان یاسای خانەنشینی لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت. ئەمەش واتای ئەوەیە ئێستا هەموو فەرمانبەرێک 25%ـی مووچەکەی بۆ خانەنشینی گلدەدرێتەوە، کە 15%ـی لەلایەن حکوومەتەوە دابین دەکرێت و 10%ـیش لە مووچەی فەرمانبەر دەبڕدرێت.

هەروەها سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە دا، ئەو 3%ـەی دەگوترێت لەلایەن حکوومەتەوە دەبڕدرێت بێ بنەمایە، چونکە پێشتر 7%ـی مووچەی فەرمانبەرانمان بۆ خانەنشینی دەبڕی و دوای جێبەجێکردنی یاساکە دەبوو رێژەکە بکەینە 10%. جێبەجێکردنی ئەم یاسایەش لە هەرێمی کوردستان لە 30ـی حوزەیرانی 2025ـەوە دەستیپێکردووە و لە نێوان ساڵی 2014 تاوەکو مانگی شەشی 2025 پەیڕەوی یاسای کۆنی خانەنشینی کراوە.

لەم بارەیەوە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق گوتی، دەبێت ئەو ماوەیەی پارەی کەمتر وەرگیراوە وەک قەرز لەسەر مووچەی فەرمانبەران هەژمار بکرێت و بگەڕێندرێتەوە بۆ حکوومەت. بۆیە هەولێر و بەغدا رێککەوتن هەموو مانگێک 3%ـی مووچەی فەرمانبەران بۆ دانەوەی ئەو قەرزە ببڕدرێت. حکوومەتی عێراق خۆی سەرپەرشتی ئەم پڕۆسەیە دەکات و لە کاتی دابینکردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان ئەو 3%ـەیە لەگەڵ رێژەی خانەنشینی دەبڕێت.

لە کۆتاییدا سەرچاوەکە ئەوەی خستەڕوو، لەم رۆژانە شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق دەچنە پەرلەمان، تاوەکو ئەو وردەکارییە بۆ ئەندامانی لیژنەی دارایی روون بکەنەوە.